سکرتێری گشتی ئۆپێک لە بەغدا تاوتوێی چارەنووسی بازاڕی نەوت دەکات

هەیسەم غەیس، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ئۆپێک، لە سەردانێکیدا بۆ بەغدا تاوتوێی گەشەسەندنی بازاڕی نەوتی جیهانی دەکات.


گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوولایەنەکان دێت سەبارەت بە گەشەسەندنەکانی بازاڕی نەوت، جگە لە بەهێزکردن و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس. جیهاد ئاماژەی بەوەش دا، غەیس لەگەڵ وەزیری نەوت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقی کۆدەبێتەوە.

پێشتر ئۆپێک ڕایگەیاندبوو، عێراق پلانێکی پێشکەش کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادەی بەرهەمهێنانی نەوت لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، چونکە پلانی قەرەبووکردنەوە لە مانگی ئابەوە تا کۆتایی ئەمساڵ دەست پێ دەکات، کە قەرەبووی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل زیادەی نەوتی بەرهەمهێنراوی عێراق دەکاتەوە.

حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتەوە هەوڵیداوە پابەندبوونییەکانی بە بڕیاری ئۆپێک لە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بپارێزێت، لەم چوارچێوەیەشدا بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە چوار ملیۆن بەرمیل تێپەڕنەکات.

Fly Erbil Advertisment