سەرۆکی زانکۆی سۆران: 28 باڵەخانە و خانوومان وەک بەشی ناوخۆیی بۆ قوتابییان دابین کردووە

دکتۆر شێروان شەریف قرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران
دکتۆر شێروان شەریف قرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران

سەرۆکی زانکۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت: 28 باڵەخانە و خانوویان وەک بەشی ناوخۆیی بۆ قوتابییان بەر لە دەستپێکی خوێندن دابین کردووە.

28ـی ئابی 2024، دکتۆر شێروان شەریف قرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:

28 باڵەخانە و خانوو وەک بەشە ناوخۆییەکان لە سۆران بۆ قوتابییان دابینکراوە، دەڵێت: تا 30ـی ئاب تەواوی قوتابییان دەبنە خاوەن شوێن لە بەشی ناوخۆیی خۆیان، جگەلە قوتابییانی قۆناغی یەکەم  کە ساڵانە نزیکەی 1400 قوتابی دێنە زانکۆکە، بەشێکیان لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە، دوو باڵەخانە بۆ ئەوانیش دابینکراوە، لە حاڵەتی پێویستیشدا ئەگەری هەیە بکرێتە سێ باڵەخانە بۆیان.

سەرۆکی زانکۆی سۆران ئاشکرای دەکات، نزیکە دوو هەزار قوتابیی کە لە دەرەوەی سۆران و لەڕێگەی دوورەوە دێنە زانکۆی سۆران، لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە، سێ باڵەخانەش بۆ مانەوەی مامۆستایان دابینکراوە.

دکتۆر شێروان شەریف قرتاس دەڵێت: پرسی سەلامەتی قوتابییان لەبابەتە هەرە لەپێشەکانە، گوتی: باشترین باڵەخانە و خانووەکانمان بۆ قوتابییان وەک بەشی ناوخۆیی دابین کردووە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرگریی شارستانیی سۆران هەماهەنگییان کردووە بۆ ئەوەی مەرجە سەلامەتییەکان لەو خانوو و بەڵەخانانە جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەو پرسەش خاوەن باڵەخانە و خانووەکان هاوکاربوون و  هەوڵیاندا تا ڕادەەیەکی باش مەرجەکانی سەلامەتی لەو خانوو و باڵەخانانە جێبەجێ بکەن کە دەیکەنە بەشی ناوخۆیی قوتابییان.

سەۆکی زانکۆی سۆران گوتی: مەرجەکانی سەلامەتی لە دابینکردنی سۆندەی ئاگرکوژێنەوە،  ئاوپرژێنەکان لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، زەنگی ئاگەدارکردنەوە و دوورخستنەوەی نەوت و ئاگر، هاوکات ئەو بابەتانەی ژەهراوی بوون دروست دەکات.

گوتیشی: پێویستە قوتابییان ڕۆشنبیریی خۆپاراستنیان هەبێت لە ئاگر و هەڵاتن لە ڕێڕەوی هەڵاتن کە بۆیان دابینکراوە لە خانوو و باڵەخانەکان، هاوکات بە ئاگا بن بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکتریش.

Fly Erbil Advertisment