هەموو شتێک لەبارەی تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بزانە
تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بە شێوازی کۆن بوو بە ڕابردوو. یوێفا گۆڕانکاری نوێ بۆ ئەم وەرزە کردووە و بڕیارە یارییەکان هاوشێوەی یارییەکانی خول بەڕێوەبچن، سبەی پێنج شەممە کاتژمێر 19:00 ئێوارە تیروپشکی وەرزی نوێ بەڕێوەدەچێت.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی چامپیۆنزلیگ، پاڵەوانێتیەکە بە شێوازێکی نوێ بەرێوەدەچێت، واتە چیدیکە یانەکان دابەشی سەر هەشت کۆمەڵە ناکرێن و لە وەرزی نوێ، پاڵەوانێتیەکە وەکو خول بە بەشداری 36 یانە بەڕێوەدەچێت، ئەم شێوازە بۆ یۆرۆپالیگ و کۆنفڕانس لیگیش بە هەمان شێوە دەبێت.
هەموو یانەکان سەرەتا دەبێت چوار یاری لە یاریگای خۆیان و چوار یاری لە دەرەوەی یاریگا بەرامبەر هەشت ڕکابەری جیاواز ئەنجام بدەن، خاوەن پلەی یەکەم تاوەکو هەشتەم، ڕاستەوخۆ سەردەکەون بۆ قۆناغی شازدە، هەروەها شازدە تیپی دیکەش لە قۆناغی پلەی ئۆف، رکابەری یەکتری دەکەن.
بو کورتی و پوختی، یانەکانی یەکەم تاوەکو هەشتەم راستەوخۆ سەردەکەون بۆ قۆناغی شازدە، یانەکانی نۆیەم تاوەکو بیست و چوارەم، رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە و لە نێوان ئەوانیش هەشت یانەی دیکە سەردەکەون، هەروەها یانەکانی 25 تاوەکو 36 ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکەن.
یانەکان سەرەتا لەلایەن کەسێکەوە هەڵدەبژێردرێن، دواتر کۆمپیوتەر ئەرکی دیاریکردنی هەشت رکابەری بەرامبەری دیاری دەکات. یەکێک لە هۆکارەکانی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بۆ راکێشانی تیروپشک ئەوەیە، ئەگەر بە دەست ئەنجامی بدرێت، پێویست بە ٩٠٠ تۆپ دەبێت و نزیکەی سێ بۆ چوار کاتژمێری دەوێت. بەڵام بەو شێوازە نوێیە، ئەم پرۆسەیە تەنها ٣٥ خولەک دەخایەنێت.
لەلایەکی دیکەوە ئەو یانانەی لە قۆناغی یەکەم پلەی یەکەم تاوەکو هەشتەم بەدەست دەهێنن، لە قۆناغی دووەم و لە یاریی چوون میواندار دەبن، هەروەها ئەو یانانەشی لە قۆناغی پلەی ئۆف سەردەکەون بۆ قۆناغی دووەم، ئەوانیش لە یاریی چوون میواندار دەبن.
ئەوەی ماوە بزاندرێت ئەوەیە، یانەکانی یەک وڵات، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لە قۆناغی یەکەم رووبەڕووی یەکتری نابنەوە، پاشان لە قۆناغی شازدە بە دواوە ئەگەری بەریەککەوتنیان لەگەڵ یەکتری هەیە، هەروەها لە قۆناغی شازدە بە دواوە، چامپیۆنزلیگ هاوشێوەی وەرزەکانی رابردوو دەبێت، واتە یانەکان لە دوو یاریی چوون و گەڕانەوە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، براوە سەردەکەوێت بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی و دۆڕاویش ماڵئاوایی دەکات.
ئەمساڵ بۆ جاری یەکەم یارییەکانی چامپیۆنزلیگ، بێجگە لە شەوانی سێ شەممە و چوار شەممە، شەوانی پێنج شەممە و شەممەش دەکرێن، بەڵام تەنها دوو یاریی لەو دوو شەوە، واتە پێنج شەممە و شەممە دەکرێن، هەفتەی یەکەم شەوی پێنج شەممە و هەروەها هەفتەی هەشتەم و کۆتایی قۆناغی یەکەم، لە شەوی شەممە دەکرێت، هەروەها یاریی کۆتاییش لە شەوی شەممە دەکرێت.