چوار وڵات لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کۆ دەبنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیستەنبوڵ میوانداریی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" دەکات، کە بەرپرسانی تورکیا، ئیمارات، عێراق و قەتەر تێیدا بەشدارن، ئامانج لەو پرۆژەیە بەستنەوەی بەندەری بەسرەی عێراقییە لەگەڵ کەنداوی عەرەبی بە تورکیا و دەرەوە.

بڕیارە وەزیرانی ئەو وڵاتانە لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆشکی دۆڵمەباخچە 'Dolmabahçe Sarayı' لە ئیستەنبوڵ کۆببنەوە، کە لەوێدا بڕیاری گرنگ سەبارەت بەو پڕۆژە گەورەیە دەدرێت، کە وەبەرهێنانەکانی بە نزیکەی 20 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، هەروەها کەناڵی فەرمی تورکیا  'TRT'ـە ڕایگەیاندووە، ڕەنگە ئیمارات و قەتەر وەبەرهێنەری ئەو پرۆژەیە بن.

پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر لە مانگی نیسانی ڕابردوو، پەسەند کرا، هەروەها بەندەری فاو لە بەسرە کە تا ئێستا لە قۆناغی دروستکردندایە، لە ڕێگەی تۆڕێکی ڕێگەوبان و هێڵی ئاسن بە  تورکیا دەبەسترێتەوە، کە درێژییەکەی 1275 کیلۆمەترە.

گروپی بەندەرەکانی ئەبوزەبی گرێبەستێکی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای گشتی بۆ بەندەرەکانی عێراق ئیمزا کردووە بۆ پەرەپێدانی بەندەری فاو.

مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی چوارلایەنە لەنێوان ئیمارات، عێراق، تورکیا و قەتەر بۆ هاوکاریکردنی پرۆژەی "ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیجی" ئیمزا کرا.

عێراق نزیکەی لەسەدا 10ـی یەدەگی نەوتی جیهان هەیە و لەسەدا 5ـی بەرهەمی جیهانیش پێک دەهێنێت، حکوومەتی عێراق پێی وایە هەرکاتێک پڕۆژەکە تەواو بوو، تێچووی بازرگانی نێوان چین و ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە عێراق ببێتە ناوەندێکی گەورەی ترانزێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاتەکانی گواستنەوە لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا.

بڕیارە پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ تەواو بێت، یەکەم قۆناغ لە ساڵی 2028 کۆتایی دێت، دووەم لە ساڵی 2033، سێیەم قۆناغیش لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.

Fly Erbil Advertisment