گۆران نووری بۆ کوردستان24: پەشیمانم لە شکاندنی ATMـەکە

هونەرمەند گۆران نووری
هونەرمەند گۆران نووری

K24 – سلێمانی:

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا هونەرمەند گۆران نووری بە بەردێک ئامێرێکی ڕاکێشانی پارە (ATM) دەشکێنێت، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: پەشیمانم و هیوادارم کەس هاوشێوەی من ئەو کارە نەکات.

29ـی ئابی 2024، گۆران نووری لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: ئێوارەی ئەمڕۆ ویستویەتی لە یەکێک لە ATMـەکانی شاری سلێمانی بڕی 300 هەزار دینار ڕابکێشێت بەڵام ئامێرەکە هیج بڕە پارەیەکی دەرنەکردووە و  پارەکەشی لە هەژمارەکە بردووە، کاتێک پەیوەندی بە بانکەکەوە کردووە و لە شێوازی وەڵامدانەوەی کارمەندێکی بانکەکە توڕە بووە.

گۆران نووری ئاماژەی بەوەشکردووە: لە ئەنجامی ئەو توڕەییەی، ئامێری ATMـەکەی شکاندووە و ڕاشیگەیاندووە: پەشیمانم لەو کارەم و هیوادارم کەس هاوشێوەی من ئەو کارە نەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆکە، کوردستان24 پەیوەندی بە پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە کرد بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕووداوە و ڕایانگەیاند: بەهۆی ئەوەی هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە، هیچ فەرمانێک نییە بۆ دەستگیر کردنی ئەو هونەرمەندە.