لەبواری چاکسازیی بانکیدا عێراق و ئەمەریکا گرێبەستێک واژۆ دەکەن

بانکی ناوەندیی عێراقی
بانکی ناوەندیی عێراقی

عەلی عەلاق، لە ئەمەریکا گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەیەکی ئەو وڵاتە واژۆ دەکات و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، ئامانجی سەردانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەمەریکا ئاشکرا دەکات.

چەند ڕۆژێکە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو لە ئەمەریکایە، پێشتر هیچ لایەنێکی فەرمیی قسەی لەسەر ئەو سەردانە نەکردبوو، ئەمەش جۆرێک لە گوومانی دروستکردبوو.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەگەڵ دامەزراوەیەکی ئەمەریکی گرێبەستێکی درێژخایەن بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە کەرتی بانکی واژۆ دەکات، ئەمە بێجگە لە قسەکردن لەسەر دۆسیەی بانکە سزادراوەکان و کێشەی ناردنەوەی دۆلاری کاش بۆ عێراق.

لە نوێترین پێشهاتدا، حسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەوە قسەی کرد، ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمەریکاوە سزادرابوون، ئیستە پێداچوونەوەیان بۆ کارەکانیان کردووە و گۆڕانکارییان لە شێوازی کارکردنیان کردووە، بۆیە پارێزگاری بانکی ناوەندی دەیەوێت بڕوا بە ئەمەریکا بکات سزاکانی سەر ئەو بانکانە هەڵبگرێت.

عەلاوی ئاماژە بەوەش دەکات؛ پێشتر لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا سوودانی هەمان داواکاری پێشکەش بە ئەمەریکا کردبوو، ئیستە عەلی عەلاق، دەیەوێت وەڵامی ئەو داوکارییەی دەست بکەوێت.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: حکوومەت ڕێکاری گرنگی بۆ ڕێگریکردن لە چوونەدەرەوەی دۆلار گرتووەتەبەر بەو هۆیەوە بردنەدەرەوەی دۆلار و سپیکردنەوەی پارە لە عێراق بەتەواویی سنووردارکراوە.

Fly Erbil Advertisment