ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی عێراق: 250 هەزار ڕفێندراو و بێسەروشوێنکراو هەن
حاڵەتەکانی کوشتن و ڕفاندن و بێ سەروشوێنکردن لە عێڕاق کۆتایی بەردەوامە، لە ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێناندا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاشکرای دەکەن کە له دوای ساڵی 2005ـەوە تاوەکوو ئێستا 250 هەزار کەس بە ڕفێندراو و بێسەروشوێنکراو چارەنووسیان نادیارە، هەربۆیە داوا دەکەن، حکووت، یاسایەکی تایبەتی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی تاوانی ڕفاندن و کەسوکاری قوربانیەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە .
توفێق تەمیمی سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی سەباح کە ڕۆژنامەیەکی نیمچە فەرمییە لە 9ی مارسی ساڵی 2020 لە گەڕەکی حەی ئوری بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدارەوە ڕفێندرا و تاوەکوو ئێستاش هیچ کەسێک زانیاریی لە بارەیەوە نازانێت.
ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ خێزان و مناڵەکانی تەمیمی هاتوونەتە گۆڕەپانی تەحریر و داوای چارەنووسی باوکیان دەکەن.
هیام تەمیمی هاوسەری ڕۆژنامەنوس تۆفیق تمیمی دەڵێ "نایشارمەوە بەشداری لە خۆپیشاندانی تشرینەکان دەکرد و خێمەشیان هەبوو لێرە ، بەڵام پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نەبوو ، لە بەردەم ماڵەکەی خۆمان لە کاتی چوونی بۆ دەوامی ڕۆژنامە ڕفێندرا و چوار ساڵە بێ سەروشوێنە داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەم چارەنووسی ئاشکرا بکات ".
بە گوێرەی ئاماری ئەو ڕێکخراوە مەدەنیانەی کە سوننە مەزهەبەکان سەرپەرشتی دەکەن لە دوای ساڵی 2005ـەوە زیاتر لە 250 هەزار هاووڵاتیی لە بەغدا و شارەکانی ناوەڕاستی عێڕاق بە بیانووی جۆراوجۆر ڕفێندراون و بێسەروشوێنکراون، چالاکەوانێکیش داوا دەکات ڕەشنوسی یاسایی بێسەروشوێنان ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت تاوەکوو هەرچیی زووە پەسند بکرێت.
ئەنسام بەدری چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی دەڵێ "هەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێنان خۆپیشاندان دەکەین بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان، داوا دەکەین قەرەبووی کەسوکاری ئەوانە بکرێتەوە کە کوژراون و ڕەشنووسی یاسایی بێسەروشوێنان لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، چونکە زۆربەیان لە سەردەمی شەڕی مەزهەبی و داعش و خۆپیشاندانی تشرینیەکان ڕفێندراون"
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 30ی ئابی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەستگیرکردن، دەستبەسەرکردن و ڕفاندن و سەرکوتکردنی ئازادی دیاری کردووە.
هەربەم بۆنەوە ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەمڕۆ هەینی 30ی ئابی 2024، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق کرد و داوای هەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە ڕفێندراوان و قورنیانی بێسەروشوێنکراوی کرد.
ڕاشیگەیاندووە، دەبێت یاساکە بەجۆرێک بێت کە خەڵکی بە شکۆمەندی و پارێزراوی بژین، نەک ترسی سەرکوتکاری ڕفاندنیان هەبێت.