بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران: زیاتر لە 150 مۆڵەت بە پرۆژە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران دراوە
سۆران، یەکێکە لەو دەڤەرانەی کوردستان کە زۆرترین ڕێژەی شوێنی گەشتیاری هەیە، بە گوێرەی زانیارییەکانی بەرێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، بەشێکی زۆری ئەو شوێنە گەشتیارییانە مۆڵەتیان نەبووە، دوای بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ لێخۆشبوون لە کرێی ئاو و کارەبا و کەمکردنەوەی باج، زیاتر لە 150 شوێن مۆڵەتیان وەرگرتووە، خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکانیش داواکارن ڕێگاوبانی شوێنە گەشتیارییەکان چاک بکرێن.
گەردی محەممەد، خاوەنی شوێنی گەشتیاری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کە زانیمان سەرۆکی حکوومەت لێخۆشبوونی دەرکردووە، بەگوێرەی داواکارییەکان چووم مۆڵەتم دەرهێنا، بەلام خزمەتگوزاریەکانمان وەکو پێویست نییە، وەکو ڕێگەوبان، هەروەها هێڵی ئینتەرنێتمان نییە کە گەشتیاران داوای دەکەن، چونکە گەشتیارێکی زۆر دێنە ئێرە".
لە بەر نەبونی مۆڵەتی کار کردن بە پێی بریارێک لە لایەن داواکاری گشتیی، ئەو کەسانەی مۆڵەتیان نەبێ پێویستە سزا بدرێن و شوێنەکانیان دابخرێن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بەریوبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران ،دوای بریاری لێخۆشبوونی سەرۆکی حکوومەت تا ئێستا زیاتر لە 150 شوێن مۆڵەتیان وەرگرتوە و ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران لە ناوچەکە.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، گوتی: یەکێک لەخواستەکانی خودی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە سۆران ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش، ئەوەش بەوە دەکرێت کە ناوچەکە لەڕووت کوالیتی و جۆری پرۆژەکان بگاتە ئاستێکی بەرزتر.
ئاماژەی بەوەش کرد، 20 تا 30 مۆڵەتی گەشتیاریی هەبووە لەو سنوورە، ئێستا گەیەندراوەتە 156 مۆڵەت گەشتیاریی، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی بوو بەوەی کە گەشتوگوزار بتوانێت چاودێرییەکی چڕتر بخاتە سەر کارو پرۆژەکانی کەرتی گەشتوگوزار، کە هەم خزمەتی گەشتیاران بکات، هەم کواڵێتی پرۆژەکان بەرزتر بکاتەوە.
سۆران یەکێک لەو دەڤەرانەی کوردستان کە زۆرترین شوێنی گەشتیاری هەیە و لە وەرزە جیاوازەکاندا زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکەن.