باخەوانانی شنۆ: بەهۆی نەبوونی ساردخانە ناچارین میوەکانمان هەرزانفرۆش بکەین

شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 14 هەزار هێکتار باخی هەیە کە زیاتر لە 10 هەزاری باخی سێوە و ساڵانە نزیک 200 هەزار تۆن سێو و خۆخیان لێ بەرهەم دێت، بەڵام بە هۆی نەبوونی ژێرخانی پێویستی هەڵگرتن و لەقوتووکردنەوە، باخەوانەکان ناچارن بەرهەمەکانیان هەرزانفرۆش بکەن.
ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە لە باخەکانی شاری شنۆی پارێزگای ورمێ، کاتی ڕنینەوەی میوەی هاوینە دەست پێ دەکات، لە سنووری ئەم شارە زیاتر لە 14 هەزار هێکتار باخ هەیە. ئەگەرچی شاری شنۆ بە گێلاسەکەی بەناوبانگە، بەڵام زۆرترین بەرهەمی ئەم شارە سێو و خۆخە.
ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار تۆن سێو و خۆخ بەرهەم دێت، بەڵام لە سنووری شنۆدا تەنیا سێ ساردخانەی میوە هەن، کە تەنیا دەتوانن نیوەی ئەم میوانە هەڵبگرن و زیاتر لە نیوەی میوەکان دەبێ پاش ڕنینەوەیان دەستبەخێ بفرۆشرێن. ئەمەش زیانێکی زۆری بە خاوەن باخەکان گەیاندووە.
ڕەسووڵ زارع، باخداری دانیشتووی شارۆچکەی نەڵۆسی شنۆ دەڵێت: باخەکانی ئێمە بەرهەمی میوەی هاوینەی هەیە، بەڵام ساردخانەی میوەی هاوینەمان نییە تاوەکوو بەروبوومەکانمانی تێدا هەڵگرین، ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی جووتیارانیش کە سەر بە حکوومەتە پشتیوانیمان لێ ناکات. ساڵانە بەرهەمەکانمان هەناردەی وڵاتان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ هیچ هەناردەیەکی دەرەکیمان نییە و ئەوەی هەیە میوەکان دەکەوێتە دەستی دەڵاڵەکان و ئەوانیش لە بازاڕەکانی تاران و گەورە شارەکانی دیکە ساغی دەکەنەوە و پارەکەشمان هێندە بە درەنگەوە پێ دەدەن کە سوودێکی نابێت، ئەمە جیا لەوەی هەندێکخار پارەکانمان لێ دەخورێت.
شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوسنووری هەردوو دەڤەری سیدەکانی باشووری کوردستان و شەمزینانی باکووری کوردستانە. بەڵام ئەم شارە هیچ دەروازەیەکی سنووریی نێودەوڵەتیی لەگەڵ باکوور و باشووری کوردستان نییە.
جووتیارانی ئەم ناوچەیە چەندین ساڵە چاوەڕێن دەروازەی سنووری کێلەشین لە نێوان شاری شنۆ ودەڤەری سیدەکانی باشووری کوردستاندا بکرێتەوە و کاریگەریی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی ئەم ناوچەیە هەبێت.
سەلیم قودرەت باخداری دانیشتووی شاری شنۆ دەڵيت: ساڵانە ماندوو بوون و خەرجییەکی زۆر بە بەرهەمهێنانی باغەکانمان دەکەین، بەڵام بەداخەوە ساردخانەیەکی هاوینەمان نییە بۆ ئەوەی میوەکانمان هەڵگرین و هەرزانفرۆشیان نەکەین، یان دەروازەیەی سنووریمان نییە تاوەکوو لەوێوە میوەکان هەناردەی هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا و ئەرمینیا بکەین، هەربۆیە ساڵانە بە ناچاری لەگەڵ پێگەیشتنی دەبێت میوەکان لە بازاڕدا هەرزانفرۆش بکەین.
کشتوکاڵ، سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی هاووڵاتیانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بناغەی سەرەکیی ئابووریی ئەم بەشەی کوردستانە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ژێرخانی پیشەسازیی گونجاو بۆ هەڵگرتن و لە قوتووکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەشێکی زۆر لە خێر و بێری ئەو سامانەی خاک و سروشتی کوردستان پێشکەشی هاووڵاتیانی کوردی دەکات، دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.