غەریب ئەحمەد: وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە بیانووی جیاواز پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم نانێرێت

غەریب ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق
غەریب ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

ئەندامێکی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەمیشە بیانوو لە بەرانبەر نەناردنی پارەی گەنمی جووتیاران دێنێتەوە و وەک خۆیان ئاماژەیان پێ کردووە، تەنیا جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیان نییە، بەڵکو جووتیارانی کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەددین هەمان کێشەیان هەیە و پارە لەبەردەست نییە تاوەکوو شایستەکانیان بۆ بنێردرێت.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزیری بازرگانیی عێراق یەکێکە لەو وەزیرانەی کە ئەدایەکی زۆر خراپی هەیە لەو ئەرکەی کە پێی سپێردراوە، وەک پێویست نەیتوانیوە لە ئاست بەرپرسیارەتی دابێت.

ئەو ئەندامەی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرەلەمانی عێراق، دەڵێت: خۆزگە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە تەنیا نەهاتبان بۆ بەغدا، بەڵکو وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵیان بهاتبایە.

جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە جووتیارەکانی هەرێمی کوردستان ڕووی دەمیان و ڕەخنەی خۆیان ئاراستەی وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی ئەویش لە خەمی ئەواندا بێت.

لەبارەی نەناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم، غەریب ئەحمەد، گوتی: وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەمیشە بیانوو لە بەرانبەر نەناردنی پارەی گەنمی جووتیاران دێنێتەوە و وەک خۆیان ئاماژەیان پێ کردووە، تەنیا جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیان نییە، بەڵکو جووتیارانی کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەددین هەمان کێشەیان هەیە و پارە لەبەردەست نییە تاوەکوو شایستەکانیان بۆ بنێردرێت.

نزیکەی سێ مانگ بەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تێپەڕیوە بڕیاریش وابوو دوای هەفتەیەک تەواوی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، بەڵام عێراق پارەی پارێزگاکانی عێراقی داوە، تەنیا هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی ئابی 2024، کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی پێشووی لێژنەی کشتوکاڵ و نوێنەری جووتیارانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2013ـەوە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە پاساوی بێبنەما جووتیارانی کورد ئازار دەدات و شایستەکانیان پێ نادات.

ئەو نوێنەرە گوتی: ئەو سیاسەتەی پەیڕەو دەکرێت لە عێراقدا لە گۆڕنانی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە، پێویستە لە کۆی هێز و لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆمار کۆی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، داوای ماف و بەرگریی لە جووتیارانمان بکەن، چونکە ئەم هەڵسوکەوتەی عێراق ئەوە دەگەیەنێت کە نادادپەروەری هەیە.