هەولێر دوای 28 ساڵ بووەتە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردان

K24 – هەولێر:

پسپۆرانی دیپلۆماسی و چاودێرانی سیاسی ڕایدەگەیەنن،  لە دوای 28 ساڵ ھەولێر بەھۆی ئەو پێشکەوتنەی لە بواری خزمەتگوزاری و بنیاتنانی ئابوورییە بینیویەتی، کاریگەری کردووەتە سەر پێگە دیبلۆماسی و سیاسییەکەی، کە بووەتە ناوەندێگی گرنگی بریاردان بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و عێراق.

فەرھاد کاکەیی، چاودێری سیاسی، بە کوردستان24ـی گوت: "هەر سەرکردەیەکی جیهان ئەگەر بێتە عێراق بەبێ هەولێر ئەگەر ڕەت بێت هیچ بڕیارێک و ڕاسپاردەیەکی سەر ناگرێت، عێراق بەبێ پشتیوانی هەولێر نەیتوانیوە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پێک بهێنێت."

ئاماژەی بەوە دا، ئەو پێکەوەژیانەی کە لە هەولێر هەیە فاکتەرێکی بەهێز بووە بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێش بچێت.

ھاوشانی پێشکەوتنە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، پێگە بازرگانییەکەی لە ڕووی دیپلۆماسی و بڕیاری سیاسیشەوە بووەتە پایتەخت، لە 28 ساڵی ڕابردوو  لە سەرجەم کەرتەکان گەشەسەندەکەی هەولێر هاوشێوەی هیچ پارێزگایەکی دیکە نییە، ئەمەش وایکردوە ببێتە  پێگەیەگی گرنگی دیپلۆماسی بۆ  عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پارچەکانی دیکەی کوردستان.

هاوکات حەمەفەرج، پسپۆری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارانەی کە لە هەولێر دەدرێن تەنیا کاریگەریی لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئاییندەی عێراقیش هەیە، هۆکاری ئەوەش کە هەولێر بەم گرنگییەوە سەیر دەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ بیکردنەوە و بڕیارە حەکیمەکانی سەرۆک بارزانی.