هانزی فلیك دوای سەركەوتنە گەورەكە هۆشداریی دەداتە یاریزانەكانی

یانەی بارسێلۆنا چوارەمین سەركەوتنی لەسەریەكی لە لالیگا تۆمار كرد و ئەنجامێكی گەورە و مێژوویی بەدەستهێنا، بۆ یەكەمجاریش رافینیا لەگەڵ بارسا هاتریكی كرد.
لە گەڕی چوارەمی لالیگا، بارسێلۆنا لە نێو یاریگەی لویس كۆمپانێس میوانداریی ڤایادۆلیدی كرد، دواجار بارسێلۆنا بە 7 گۆڵی بێوەڵام شكستی بە میوانەكەی هێنا، بەمەش ڤایادۆلید 27 ساڵە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی نەیتوانی شكست بە یانە كەتەلۆنیاییەكە بهێنێت.
لەو یارییەدا لیڤاندۆڤسكی گۆڵێكی كرد و ژمارەی گۆڵەكانی لە پێشەنگی گۆڵكارانی لالیگا گەیاندە 4 گۆڵ، رافینیای بەرازیلیش بۆ یەكەمجار هاتریكی لەگەڵ بارسا كرد، هەریەكە لە كۆندی و فێران و دانی ئۆڵمۆ گۆڵیان كرد.
لە دوای یارییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا، هانزی فلیك راهێنەری یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند لە دەستپێكی ئەم وەرزە هەموو شتێكیان شی كردووەتەوە، دەشڵێت: دەمەوێت كارێك بكەم، كاتێك هاندەرانمان گەڕانەوە ماڵەوە دڵخۆش بن بەوەی كە نماییشێكی جوانی ئەستێرەكانیان بینیوە.
فلیك رایگەیاند ئەوان كەشێكی باشیان دروست كردووە، عەقڵیەتێكی باشیان هەیە و هەمووان وزەی ئەرێنییان لێ دەڕژێت، یاریزانەكان و ستافی هونەری و ئیبدارەی یانەكە زۆر گەشبینن و هەموو شتێك بەباشی دەڕوات.
فلیك گوتیشی: دەبێت سوپاسی دیکۆ بکەم چەندین پسپۆڕیان بۆ تیپەکە دامەزراندووە بەتایبەتی پزیشكەكان، ئەمەش وا دەکات یاریزانەکان بزانن کە لە دەستێکی سەلامەتدان یاری بکەن،هەست بە شانازی دەكەم كە هاندەرانمان ئەم متمانە گەورەیان بە ئێمە هەیە، بەڵام جارێ تەنیا 4 یاریی كراوە و دەبێت ئاگامان لە خۆمان بێت، ئەگەرنا لە كۆتایی رەنگە هەموو شتێك بەخێرایی بگۆڕدرێت.

.
.
.