ئوردن دەیەوێت پەتاتە و برنجی کوردی هاوردە بکات
کار بۆ هەناردەکردنی 10 هەزار تۆن پەتاتە و سەدان تۆن برنجی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن دەکرێت.
یەکشەممە، 01-09-2024، بەشار موشیر، خاوەنی کۆمپانیای (K.H.)ـی تایبەت بە وەبەرهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئوردن خوازیاری هاوردەکرنی پەتاتە و برنجی هەرێمی کوردستانە و بۆ ئەم مەبەستە چەند هەنگاوێکی ناوە.
وەکو ئەوەی خاوەنی کۆمپانیای (K.H.) باسی کرد، پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بردراوەتە تاقیگە زانستییەکانی ئوردن و لە کوالیتییەکەی دەکۆڵنەوە، ئەگەر لە پشکنینەکان دەرچوو، هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
بەشار موشیر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن کوالیتیی پەتاتەی هەرێمی کوردستانیان پەسەند کرد، 10 هەزار تۆن پەتاتە بە دوو قۆناغ هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت؛ لە هەر قۆناغێکدا پێنج هەزار تۆن.
ئەمساڵ پێنج هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و 600 تۆنیش هەناردەی ڕۆژئاوای کوردستانیا کراوە. چاوەڕێ دەکرێت، دەیان هەزار تۆن پەتاتەی دیکە هەناردەی ئیمارات، ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی دیکەی کەنداو بکرێت.
بە گوتەی ئەو وەبەرهێنەرە کوردە، بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن زۆر بە برنجی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت برنجی دەڤەری ئاکرێ سەرسامن و دەیانەوێت ئەو بەرهەمەش هاوردە بکەن. ڕوونیشی کردەوە "ئێستا وەرزی دروێنەی برنجە کە پرۆسەکە کۆتایی هات، لەبارەی هاوردەکردنییەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئوردن هەماهەنگی دەکەین، بەڵام جارێ دیار نییە، چەند تۆن هەناردە دەکرێت".
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، بەرهەمی برنج گەیشتبووە زیاتر لە 23 هەزار تۆن.
یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خالید موسا ئەلحنێفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن کرد؛ دواتر بە چاودێریی سەرۆکوەزیران، یادداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن، لە بواری پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک واژۆ کرا کە لە 10 ماددە و 13 بڕگەی گرنگ پێک دێت.
سەرباری قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان، پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەردەوامە و بەرهەمە ناوخۆییەکانی بەرەو زیادبوون بردووە؛ وای کردووە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی جوتیاران خێراتر بێت.