وەزیری پەروەردە: ڕێژەی نەخوێندەواری بۆ سەدا 16 کەمی کردووە

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 16 کەمی کردووە و لە داهاتووشدا ڕێژەکە زیاتر کەم دەکات.

یەکشەممە، 01-09-2024، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کار و چالاکیی و دەستکەوتەکانی وەزارەتەکەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا خستە ڕوو.

وەزیری پەروەردە باسی لەوە کرد، یەکێک لە دەستکەوتەکانیان، کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری بووە بە ڕێژەیەکی بەرچاو، وەکو خۆی گوتی:ساڵی 2018 ڕێژەی نەخوێندەواری سەدا 24 بوو، بەڵام ئێستا بۆ سەدا 16 کەمبووەتەوە و لە داهاتووشدا یاتر کەم دەبێتەوە.

د. ئالان حەمە سەعید ڕوونیشی کردەوە: یەکێک لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە خزمەت بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەکات و دەیان هەزار کەسی دڵخۆش کردووە؛ دامەزراندنی زیاتر لە 40 هەزار مامۆستای وانەبێژی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی.

وەزیری پەروەردە گوتیشی: بێجگە لەمە، سەرۆکوەزیرانی لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە پێنج هەزار و 88 مامۆستای گرێبەستی کردە هەمیشەیی. هاوکات 748 مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانە حکومەتییەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دامەرزراند.

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025)، بە گوژمەی زیاتر لە 24  ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناوەرۆک و دیزاینی 407 کتێب گۆڕاوە بە هەموو زمانەکانەوە (کوردی بە هەردوو زاری کرمانجیی خواروو و سەرو، عەرەبی، ئینگلیزی و سریانی).

لەلایەکی دیکەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە سەر ڕاسپاردەى  سەرۆکى حوکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی بایەخدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتى پەروەردە و فێرکردن و لە چوارچێوەى ئەو ئامادەکارى و پلان و بەرنامەیەى داڕێژراوە بۆ دروستکردنى قوتابخانە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە تایبەتى لەو ناوچە و گەڕەک و شوێنە هەژارنشینانه‌ى كه‌ پێویستن، دەست بە دروستکردنی (19) قوتابخانەى نوێ کراوە و سەرجەمیان بۆ ئەمساڵى خوێندن 2024 - 2025 بە ڕووى قوتابیان دەکرێتەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی کار و چالاکییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی پەروەردە: کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە

Fly Erbil Advertisment