وەزیری پەروەردە: ڕێژەی نەخوێندەواری بۆ سەدا 16 کەمی کردووە

وەزیری پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 16 کەمی کردووە و لە داهاتووشدا ڕێژەکە زیاتر کەم دەکات.
یەکشەممە، 01-09-2024، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کار و چالاکیی و دەستکەوتەکانی وەزارەتەکەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا خستە ڕوو.
وەزیری پەروەردە باسی لەوە کرد، یەکێک لە دەستکەوتەکانیان، کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری بووە بە ڕێژەیەکی بەرچاو، وەکو خۆی گوتی:ساڵی 2018 ڕێژەی نەخوێندەواری سەدا 24 بوو، بەڵام ئێستا بۆ سەدا 16 کەمبووەتەوە و لە داهاتووشدا یاتر کەم دەبێتەوە.
د. ئالان حەمە سەعید ڕوونیشی کردەوە: یەکێک لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە خزمەت بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەکات و دەیان هەزار کەسی دڵخۆش کردووە؛ دامەزراندنی زیاتر لە 40 هەزار مامۆستای وانەبێژی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی.
وەزیری پەروەردە گوتیشی: بێجگە لەمە، سەرۆکوەزیرانی لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە پێنج هەزار و 88 مامۆستای گرێبەستی کردە هەمیشەیی. هاوکات 748 مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانە حکومەتییەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دامەرزراند.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025)، بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناوەرۆک و دیزاینی 407 کتێب گۆڕاوە بە هەموو زمانەکانەوە (کوردی بە هەردوو زاری کرمانجیی خواروو و سەرو، عەرەبی، ئینگلیزی و سریانی).
لەلایەکی دیکەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە سەر ڕاسپاردەى سەرۆکى حوکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی بایەخدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتى پەروەردە و فێرکردن و لە چوارچێوەى ئەو ئامادەکارى و پلان و بەرنامەیەى داڕێژراوە بۆ دروستکردنى قوتابخانە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە تایبەتى لەو ناوچە و گەڕەک و شوێنە هەژارنشینانهى كه پێویستن، دەست بە دروستکردنی (19) قوتابخانەى نوێ کراوە و سەرجەمیان بۆ ئەمساڵى خوێندن 2024 - 2025 بە ڕووى قوتابیان دەکرێتەوە.
بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی کار و چالاکییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی پەروەردە: کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە