ریاڵ مەدرید و ئێمباپێ بە دوای کردنەوەی گرێکوێرەکەیانن

هەرچەندە هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید، چاوەڕێ ئەوە بوون یانەکەیان، لە دوای هاتنی کیلیان ئێمباپێ باشتر و بەهێزتر بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو یاریزانە فەڕەنسیە، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکەش بکات، کە هاندەرانی یانەکەی چاوەڕێ لێدەکەن.
ریاڵ مەدرید لە کۆی سێ یاریی ئەم وەرزەی لالیگا، تەنها یەک یاریی بردووەتەوە و لە دوو یاریش یەکسانبووە، هەروەها لەو سێ یارییە کیلیان ئێمباپێ، هیچ گۆڵێکی نەکردووە، بۆیە ئەو یاریزانە بەو هیوایەیە، ئەمجارەیان بتوانێت ئەو گرێکوێرەیە بکاتەوە و بەرامبەر ریاڵ بێتیس، یەکەم گۆڵی لە لالیگا بکات.
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، لەبارەی هەماهەنگی نێوان کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر گووتی، بە تێپەڕبوونی کات هەموو شتێک باش دەبێت و کیلیان لەگەڵ سەرجەم یاریزانەکان هەماهەنگ دەبێت.
'' هەماهەنگی نێوان کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر کێشەیەکی ئەوتۆ نیە، بە تێپەڕبوونی کات نەک تەنها هەماهەنگی نێوان ئەو دوو یاریزانە، بەڵکو هەماهەنگی نێوان ئێمباپێ و سەرجەم یاریزانەکان باشتر دەبێت. ئێمە لە هێلی پێشەوە هیچ کێشەیەکمان نیە، ساڵانی رابردووش تووشی ئەو گرفتانە بوینەتەوە، دڵنیام ئەمساڵ تووشی ئەو گرفتانە نابینەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەنی باشترین هێرشبەرەکانی جیهانین. راستە جیاوازی خاڵەکانمان لەگەڵ بارسێلۆنا چوار خاڵە، بەڵام من زیاتر نیگەرانی ئاستی یاریزانەکانم، وەرزیکی دوور و درێژمان لەبەردەمە و دەتوانین باشتربین ''.
ریاڵ مەدرید لە کاتێکدا لە گەڕی سێیەمی لالیگا رووبەڕووی ریاڵ بێتیس دەبێتەوە، لە کۆی پێنج یاریی رابردوو بەرامبەر ئەو یانەیە، تەنها یەک یاریی براوە بووە و لە چوار یارییش هەردوو یانە یەکسانبوینە، هەروەها مێرنگی لە سێ یاریی رابردووی بەرامبەر بێتیس، لە هەرسێ یاریی یەکسانبووە.