ڕێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ڕێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی تەمموز بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو دابەزینی تۆمار کردووە.
دەستەی ئامار ئاماژەی کردووە، ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی تەمموزدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو دابەزیوە و بووە بە 5.5%.
بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی بووە، دوای ئەو پارێزگای هەولێر و نزمترین ئاستیش لە پاریزگای دهۆک تۆمار کراوە.
دابەزینی ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی تەمووز بۆ دابەزینی نرخی کەرەستە و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان و کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و پەیوەندییەکان دەگەڕێتەوە.
بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، ڕێژەی هەڵاوسان %2 تاوەکو %3 بێت نیشاندەری دۆخی ئاسایی ئابووریی وڵاتەکەیە، بەڵام لە ئاستی %3 تاوەکو %10 بێت بەرزبوونەوەیەکی ئاسایی ڕێژەی هەڵاوسان دادەنرێت.
ئەگەر ڕێژەی هەڵاوسان لە 10% تێبپەڕێت ئەوا ئابووریی ئەو وڵاتە دووچاری کێشە دەکاتەوە، ئەو کات دەبێت حکوومەتەکان ڕێکاری جیاواز بۆ دابەزاندنی ڕێژەی هەڵاوسان بگرنەبەر، هەرێمی کوردستان دوورە لەو دۆخە.