ئەمڕۆ یاری لوتکەی پرێمەرلیگ بەڕێوەدەچێت

یاریی مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول
یاریی مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول

یاریی لوتکەی پرێمەرلیگ و لە گەڕی سێیەمی خولەکە، لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد دەبێت، کاتێک مانچێستەر یونایتد میوانداری رکابەرە دێرینەکەی واتە لیڤەرپوولێکی جیاواز لە چەند وەرزی رابردوو دەکات.

مانچێستەر یونایتد دوای بردنەوەکەی ساڵی 2022 لە گەڕی سێیەمی پرێمەرلیگ، هەرگیز بەرامبەر لیڤەرپوول تامی بردنەوەی لە پرێمەرلیگ نەکردووە، ئەو دوو یانەیە جارێکی دیکە لە هەمان گەڕ و لە هەمان یاریگا، واتە ئۆڵدترافۆرد رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

شەیتانە سوورەکان دوای بردنەوەکەی ساڵی 2022، سێجاری دیکە لە پرێمەرلیگ رووبەڕووی لیڤەرپوول بونەتەوە، بەڵام لەو سێ یارییە هەرگیز نەیانتوانیوە تامی بردنەوە بکەن و یارییەکیان دۆڕاندووە ولە دوو یاریش بەرامبەربوینە، دۆڕانەکەشیان بە ئەنجامی حەوت گۆڵی بێ وەڵام بوو.

ئێریک تێن هاگ راهێنەری هۆڵەندی مانچێستەر یونایتد، لەبارەی رووبەڕووبونەوەی بەرامبەر لیڤەرپوول لە گەڕی سێیەمی پرێمەرلیگ رایگەیاند، ئەوان بە پەرۆشن بۆ یارییەکە و ئامادەن بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە.

'' هەمیشە بۆ یارییەکانی بەرامبەر لیڤەرپوول بە پەرۆشین، یاریی بەرامبەر ئەو یانەیە زۆر جیاوازە، بۆیە بە پەرۆشین بۆ یارییەکە. ئێمە خاوەنی پێکهاتەیەکی باشین و دەتوانین یارییەکی باش بکەین، هەرچەندە سەرەتای وەرزە و دەتوانین باشتربین، چەند یاریزانێکی نوێمان گواستووەتەوە، دەبێت کاریان لەگەڵدا بکەین، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بگونجێن، بە گشتی گەشبینم و دڵنیام کە یاریزانەکانمان، دەتوانن ئاستێکی باش پێشکەش بکەن. بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین، تیپی بەرامبەرمان لیڤەرپوولە ''.

هیچ کام لە نۆ راهێنەری رابردوو یانەی لیڤەرپوول، هەرگیز نەیانتوانیوە یاریی سەرەتایان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد ببەنەوە، دوایینجار لە ساڵی 1975، باب پێزلی راهێنەری ئەو کاتەی یانەی چێلسی، توانی لە یەکەم یاریی بەرامبەر مان یونایتد بردنەوە بەدەست بهێنێت.

مانچێستەر یونایتد لە دوو یاریی رابردووی لە پرێمەرلیگ، بردنەوەیەک و دۆڕانێکی تۆمار کردووە و بە کۆکردنەوەی تەنها سێ خاڵ، لە پلەی دەیەمی ریزبەندی دێت، لە بەرامبەردا لیڤەرپوول لە هەردوو یارییەکەی بردنەوەی بەدەستهێناوە.