ڕێبوار هادی: لەناو وەزارەتی دارایی عێراق کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست دەکرێت

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەناو وەزارەتی دارایی عێراق کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران دروست دەکرێت، ئەوە دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە.

د. ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بەکوردستان24ـی راگەیاند "بەگوێرەی یاسای بودجە و ئەو بڕیارەی لە دادگای فیدراڵی دەرچووبوو، هیچ کێشەیەکی یاسایی لەناردنی بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نییە".

گوتیشی: ئەوەی هەیە لەکاتی جێبەجێکردنی یاساکە و لەناو وەزارەتی دارایی عێراق کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران دروست دەکرێت، ئەوە دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە، واتە کێشەکان یاسایی نین بەڵکو دروست کراون.

ڕێبوار هادی، باسی لەوەش کرد:  حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش لەپەرلەمان ڕۆژانە لەگەڵیان باس لەوە دەکەین، ئەو پاساوانەی هەیە دەربارەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دروستکراوە و یاسایی نین. دەشڵێت: بیانوو دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی مووچە دوا بکەوێت.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند "جگە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی، یاسای بودجەش هەموار کرایەوە، واتە ئەو پاساوانەی وەزارەتی دارایی هەیبوو ئەویش نەما، هەروەها یەکێک لەو شایستانەی ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت شایستە داراییەکانی جووتیارانە، کە هەموو پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق وەریان گرتووە لەبەرامبەر ئەو گەنم و جۆیەی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵیان کردووە تەنیا جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەبێت. کە لەسەر ئەوبابەتە ڕۆژی چوارشەممە بانگهێشتی وەزیری دارایی دەکەین لەپەرلەمان، تاوەکو هۆکاری دواکەوتنی شایستەی جووتیاران ئاشکرا بکات".