شێروان دووبەردانی: چەند لایەنێک بۆ بەرژەوەندی پارێزگاکانی خۆیان دەستکاریی خشتەی بوودجە دەکەن

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، چەند لایەنێکی سیاسی، بۆ بەرژەوەندی پارێزگاکانی خۆیان، دەستکاریی خشتەی بوودجە دەکەن، دەشڵێت: لێژنەکانی لێکۆڵینەوە لەو زیادبوونەی لە خشتەی بوودجە کراوە، کاری خۆیان نەکردووە و کارەکانیان پشتگوێ خستووە.
دووشەممە 2ـی ئەیلوولی 2024، شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای ناردنی خشتەی بوودجەی 2024 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی، پاش چەندین کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی، بڕیاردرا سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەستکاریی خشتەکە نەکەن، هەندێ لە ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، سکاڵایان هەبوو لەبارەی ئەو پارەیەی دابینکراوە بۆ پارێزگاکانیان کەمە، پێویستە هەندێ گۆڕانکاریی بکرێت، بۆیە دەنگمان لەسەر گواستنەوەی دوو ترلیۆن و 500 ملیار دا وەک دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران بۆ پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دوای پەسەندکردن، خشتە کە لای سەرۆک پەرلەمان و ئەمینداری پەرلەمان ئیمزا کرا و سەرۆک کۆمار پەسەندی کرد و گەیشتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەوێ دەستکاری کرا و 14 ترلیۆن و 500 ملیار دینار زیاد کرا، هەندێک پێیان وایە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستکاریی کراوە، دەڵێت: لێژنەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە لێژنەی دارایی پێکهات، ئەو لێژنەیە وەستاوە و کاری خۆی ناکات.
دووبەردانی دەڵێت: دوای ساڵی 2012 تا ئەمڕۆ وەکو پەرلەمان و دەستوور و یاسا، ژمێرەی کۆتایی لە عێراق لای حکوومەت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نەنێردراوە، ئەو خەرجیانەی حکوومەت دەیکات، هیچ چاودێرییەکی بۆ نییە، ئەمە پەسەندمان لەسەر نزیکەی 199 ترلیۆن دینار کردووە، خەرجییەکانی حکوومەت 206 ترلیۆن دینارە، خشتەی ئەمساڵ کە 211 ترلیۆن دینارە، پاشان گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران، زیاتر لە 14 ترلیۆن و 500 ملیار دینار زیاد بووە، گوتی: پێویستە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک بێت لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە.
شێروان دووبەردانی گوتی: بوودجەی سێ ساڵیی کە لە 2023 پەسەندمان کرد، بۆ ئەوەبوو حکوومەت ڕزگار بێت لە جێبەجێکردنی ماددەکانی بوودجە، گوتیشی: دەبینین هەموو ساڵێک، نیوەی ساڵ ناردنی خشتەی بوودجە لەلایەن حکوومەت بۆ پەرلەمان کێشەی تێدەکەوێت، ئەوەش ئەوە کاریگەریی لە حکوومەت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە جگەلە مووچە کە هەموو مانگێک بە بیانووێک ناردنی دوای دەخەن.
دووبەردانی دەڵێت: هیچ لێژنەیەک کاری خۆی نەکردووە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە، هیچ بوودجەیەک بۆ پەرەپێدان و قەرەبووی هاووڵاتییان بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە، گوتیشی: وەزارەتی پەروەردەی عێراق مووچەی لە هەموو فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاترە.