وردەکاری و کاتی دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی "هەژماری من"
![تیمی هەژماری من هاوکاری مووچەخۆران دەکەن - وێنە: کوردستان24](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Sep-2024/172534638417205904721718039309my-account.gif)
بۆ یەکەمین جار، فەرمانبەرانی سلێمانی و دهۆک، هاوشان لەگەڵ فەرمانبەرانی پارێزگای هەولێر، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە وەردەگرن.
سێشەممە، 03-09-2024، تیمی پرۆژەی "هەژماری من" بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سبەی چوار شەممە 4ـی ئەیلوول، مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی "هەژماری من" لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، ئەمە یەکەم مانگە بەشێک لە مووچەخۆرانی سلێمانی و دهۆک مووچەکانیان لە ڕێگەی پرۆژەکەوە وەردەگرن، لە نێویاندا مامۆستایانی خوێندنی باڵا و پەروەردە.
تیمی پرۆژەی "هەژماری من" ئاماژەی بەوەش کرد، مووچەکان کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی سبەی چوار شەممە، 04-09-2024، دەچێتە سەر هەژماری بانکیی بەشداربووان و بە کورتەنامەیەک نزیکەی 120 هەزار مووچەخۆر ئاگادار دەکرێنەوە، بە چەشنێک 103 هەزار فەرمانبەری مەدەنی و 17 هەزار پێشمەرگە لەم ڕێگەیەوە مووچە وەردەگرن.
تیمی هەژماری من لەم بارەیەوە زیاتر ڕوونی کردەوە: لە کاتێکدا ڕێژەی تۆمارکردن لە سنووری پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە 96٪ مووچەی 116 هەزار مووچەخۆر هاتووەتە سەر پڕۆژەی هەژماری من، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە 33٪ و مووچەی نزیکەی دوو هەزار و 500 مووچەخۆر هاتووەتە سەر هەژماری من، لە سنووری پارێزگای دهۆک رێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە 92٪ و ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی کە مووچەکانیان هاتووەتە سەر هەژماری من هەزار و 500 مووچەخۆر پێک دەهێنێت.
بنکە و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ATM
لە سەرجەم پارێزگاکان تاوەکو ئێستا 63 بنکە و 193 ئامێری ATM بۆ ڕاکێشانی پارە دانراون. بەجۆرێک، مووچەخۆرانی پارێزگای هەولێر لە ڕێگەی 56 بنکە و 164 ئامێری ATM ، لە پارێزگای سلێمانی لە ڕێگەی پێنج بنکە و 20 ئامێری ATM، لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی دوو بنکە و نۆ ئامێری ATM دەتوانن مووچەی مانگی تەممووز وەربگرن.
مووچەخۆران دەتوانن لە رێگەی ئەم بەستەرە ناونیشانی سەرجەم بنکە و ئامێرەکانی ATM بە ئاسانترین شێوە بدۆزنەوە.
هەروەها سەرجەم مووچەخۆران لە کاتی سەردانیکردنی ئامێرەکانی ATM لەلایەن بریکارەکانی پڕۆژەی هەژماری من پێشوازییان لێ دەکرێت و لە ڕاکێشانی پارەکانیان یارمەتیدەر دەبن. هاوکات، فەرمانبەران دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من بکەن لە رێگەی ژمارە 1991 بە ئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لە سەر ئامێرەکانی ATM.
![ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن:](/images/Sep-2024/172534741122.jpg)