خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکی باشووری عێراق بەردەوامە

بەشی چاککردنەوەی وێستگەکانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگای زیقار بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان دەستیان بە بایکۆتکردنی دەوامی ئاسایی و داخستنی بنکەکانی چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا کرد.
کارمەندانی بەشی چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبای پارێزگای زیقار دەڵێن: بەهۆی خەرج نەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان بایکۆتی دەوامیان کردووە و داواکارییەکانیشیان مافێکی ڕەوایە.
فەرمانبەرە ناڕازییەکان بە بەرزکردنەوەی دروشمی "مووچە نییە و کار و دەوام کردنیش نابێت" ڕژاونەتە شەقام و دەرگای وێستگەکانیان داخستووە.
خۆپیشاندانی مووچەخۆرانی دامەزراوەکانی حکوومەت لە زیقار و بەسرە و بەغدا و شارەکانی دیکە بەهۆی کەموکووڕی لە خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان زیاتر لە دوو مانگە ناو بەناو سەرهەڵدەدات و جار جارەش توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە.
