حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی نوێ بۆ هاوبەشانی ئاو دەردەكات
K24 – هەولێر:
لەپێناو ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرێی بەستنی پێوەری ئاوی کەم کردەوە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داوا لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەکات سوود لەم دەرفەتە ببینن و پێوەرەکانیان ببەستن.
لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی و چارەکردنی گرفتی پێوەری ئاو، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر پێشنیازێكی دوو خاڵی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دا، كە بەهۆیەوە كرێی بەستنی پێوەری ئاو لە 45 هەزار دینارەوە لە سەنتەری شارەكان بۆ 20 هەزار و لە قەزا و ناحیەكانیش بۆ 10 هەزار دینار لێخۆشبوونی تێدا دەكرێت.
بەپێی خاڵی یەكەمی پێشنیازەكەی وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانەوە ڕەزامەندیی لەسەر دراوە. بڕیاری ژمارە 5980ی ساڵی 2022 سەبارەت بەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە كارا كرایەوە و لەمەودا بۆ بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارەكان تەنیا 20 هەزار دینار و لە قەزا و ناحیەكان تەنیا 10 هەزار دینار وەردەگیرێت، كە پێشتر 45 هەزار دینار لە هاوبەشانی ئاو وەردەگیرا.
سەبارەت بە كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری و پیشەی بچووك و دوكاندار و كاسبكاران، بەپێی ئەو بڕیارە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرفەتی تازە بەو شوێنانە دەدات کە تاوەكوو ئێستە پێوەریان نەبەستووە و دەتوانن لەم بڕیارەی نوێیەی حكوومەت سوودمەند بن بە بەستنی پێوەری ئاو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە گرنگیی بڕیارەكە و كاریگەریی لەسەر باری داراییی هاووڵاتییان و ڕێكخستنەوە و چارەكردنی گرفتی بەستنی پێوەر، ڕایگەیاند: ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییانە.
هاوکات دەڵێت: ئەو بڕیارە ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی حكوومەتە بۆ هاووڵاتییان و دەبێتە هۆی بارسووكی و هۆكارێكی كاریگەر دەبێت بۆ ڕێكخستنەوە و چارەكردنی كێشەی پێوەری ئاو و دەستگرتن و پاراستنی سامانی ئاو لە بەفیڕۆدان و باشتركردنی پرۆسەی بەرهەمێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بەشێوەیەكی باشتر.
وە ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارەکە داوا لە هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەکات سوود لەم دەرفەتە ببینن و پێوەرەکانیان ببەستن