نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕێگرییان لە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی کرد
K24 – بەغدا:
یەکێک لە بڕگەکانی ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ هەمواری یاسایی باری کەسێتی، بەڵام پەرلەمانتارانی سونە و زۆرینەی کورد و بەشێک لە شیعەکان دژی ئەو هەموارکردنەوەکە بوون، بۆیە ڕێگەیان نەدا ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە تەواو بکرێت و نەچوونە هۆڵی کۆبوونەوە.
شەقامی عێراقی ماوەی دوو مانگە دژی هەمواری یاسایی باری کەسێتی خرۆشاوە و ڕێکخراوەکان دەیان جۆر چالاکییان کردووە تاوەکوو کۆدەنگی دروست بکەن و ڕێگەنەدن یاسایەک پەسەند بکرێت کە هاوسەرگیری کاتی ڕێگەپێدراوبێت و کچی تەمەن 9ساڵی بە شوو بدرێت و مافی بەخێوکردنی منداڵی کۆرپە بدرێت بە باوک و هەروەها پێشەکی و کۆتایی مارەیی لە هاوسەرگیریدا هەڵگیرێت لەگەڵ چەندین بڕگەی دیكە کە وا دەکات مەزهەبی جەعفەری لە یاساکەدا زاڵ بێت.
سەوسەن جەبار، چالاکوان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە تێکڕای هەمواری یاسایی باری کەسێتی ڕەت دەکەینەوە، چونکە ژیانی مناڵی عێراق دەشێوێنێت، تەمەنی 9 ساڵی بۆ هاوسەرگیری کچان دیارکراوە یان ئێستە دەیانەوێت بیکەن 14 ساڵ، ئەمە هەر ڕەت دەکەینەوە، چونک کچ لەو تەمەنە بدرێتە شوو یەکەم کاریگەری خراپی ئەوەیە لە قوتابخانە دەرەکرێت، ئەگەر دایکێکیش خوێنەواری نەبێت نازانێت مناڵ بە باشی پەروەردە بکات.
دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتییە، پەرلەمانتارانی شیعە خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یاساکەیان خستە نێو كارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام پەرلەمانتارانی سونە و زۆرینەی کورد و تەنانەت بەشێک لە شیعەکانیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد. ئەو پەرلەمانتارانەی شیعە کە پشتیوانیی هەموارەکە دەکەن، دەڵێن: دەنگدان بە هەمواری یاسایی باری کەسێتی ئەرکێکی شەرعی و ئەخلاقییە.