مەسرور بارزانی: سوپاسی كەرتی تایبەت دەکەم کە لەكاتی قەیرانەكاندا ڕۆڵێكی نیشتمانپەوەرانەیان هەبووە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: کەرتی تایبەت لەکاتی قەیرانەکاندا ڕۆڵێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبووە.

چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: سوپاسی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لە كاتی قەیرانەكاندا ڕۆڵێكی نیشتمانپەوەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حكوومەت بوون بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەین.

هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی قەڵغانی ڕێزلێنان بە ژمارەیەک وەبەرهێنەری کورد، ڕایگەیاند، "ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرپرسانەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی بە جۆرێک کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و پێکەوە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیجییان ئەنجام داوە".

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد "لە ساڵانی ڕابردوو، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی دارایی بووینەوە، سوپاس بۆ خۆڕاگریی هاووڵاتییانی خۆشەویستیی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی و پشتیوانیی (وەبەرهێنەران) توانیمان بەشێکی زۆری ئەو کێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە بەرنامە و پرۆژەکانی حکوومەت بدەین بەو جۆرەی تاوەکو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە".  

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێشخستن و بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها دەمانەوێت ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پێشبکەون، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، مرۆیی و ماددی و داهاتێکی زۆریشی هەیە، بەڵام جێگەی داخە بە هۆی نەبوونی ئیدارەدانێکی باش و خزمەتگوزار، ئێستا هاووڵاتییانی عێراق لە دۆخێکی خراپدا دەژین و، لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی عێراق بەهرەمەند نین".