ئاوات شێخ جەناب: عێراق دەیەوێت هاوشێوەی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی بانکی دروست بکات
K24 – هەولێر:
وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم سوورە لەسەر ئەوەی "هەژماری من" ببێتە سەرچاوەی دابەشکردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلیکترۆنی. هاوکات دەڵێت: لە کۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێمیش نزیکەی 500 هەزار کەس بوونەتە خاوەنی هەژمارەکە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت:"دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت بەهۆی کۆمەڵێک کێشەی هونەریی بوو، بەڵام لە ڕاستیدا پرسی مووچە بووە بە سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا. ئێمە لیستی مانگی حەوتمان لەوادەی خۆیدا ناردبوو، بەڵام دوایانخست هەتا لە مانگی حەوتدا کێشەیەکیان دروست کرد بە حساب ئەوان تقاتوعی وەزیفیان کردووە. لە مانگی دووەوە کۆیانکردەوە هەتا مانگی حەوت قسەیان نەکرد، بە یەک جار پێنج کتابیان نارد کە تێبینی مانگی دوو و سێ و هەتا حەوتی تیا کۆبوبووەوە. بەدەر لە یاسا مووچەیان ڕاگرتووە، چونکە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت لەژێر هیچ بیانوویەکدا مووچە ڕابگیرێت."
وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، "تێبینیەکان بەشی هەرە زۆریان چارە کراون، هەوڵمانداوە لەگەڵ خانەنشین و ئەوانەی تۆمار نەکراون هەتا سەری مانگ چارە کرێن. پێموایە هەتا كۆتایی ساڵ لیستی مووچەمان لە هەموو شتێک پاک دەبێتەوە، سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی سەربازییەکانیش کە پێشتر بەناو داواکراوە، کاتی دەوێت هەتا هەڵەکان ڕێکدەخرێنەوە و بە بێ کێشە ناوەکان دەنێردرێن و ئەوانیش هاوتا دەکرێن لەگەڵ بەغداد."
بەپێی گوتەی وەزیری دارایی، حکوومەتی هەرێم سوورە لەسەر ئەوەی "هەژماری من" ببێتە سەرچاوەی دابەشکردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلیکترۆنی.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، لە سنووری سلێمانی ڕێژەی بەشداری لە هەژماری من تەنیا 37%، لە کاتێکدا لە هەولێر 96% و لە دهۆک 92% هەژمارەکەیان پڕکردووەتەوە. لە کۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێمیش نزیکەی 500 هەزار کەس بوونەتە خاوەنی هەژمارەکە.
ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، "هەژماری من سیستەمێکی بانکییە هەم تەوتینە هەم خزمەتگوزاریەکی باشی بانکی پێشکەش دەکرێت بە هاووڵاتییان، هەموو ئیشێکی پێدەکرێت، تەنانەت دەتوانن پارە ڕابکێشن لە 15 ملیۆنەوە هەتا زیاتر، ئێستا عێراق ئیش لەسەر ئەوە دەکات سیستەمێکی بانکی وەک ئێمە دروست بکات، بۆیە وەک خۆمان چاوەڕوانی ئەوەین هەتا سەری ساڵ بابەتی هەژماری من دەبێت تەواو ببێت. نزیکەی 500 هەزار کەس تەواو بوون، لەم مانگەوە 120 هەزار کەس لە ڕێگەی ئەوەوە مووچە وەردەگرن."
هەروەها دەڵێت: "هەر کەسێکیش لە ڕێگەی بانکەوە نەبێت واتە بە ئەلیکترۆنی نەبێت، ناتوانێت مووچە وەربگرێت، هەرکەس هەتا سەری ساڵ ناوی خۆی تۆمار نەکات، خۆی بەرپرس دەبێت، چونکە مووچە بەدەست نامێنێت."
بەو پێیەی هەرێم بە پێی یاسا بەرکارەکانی خۆی مووچەی دابەش کردووە، جیاوازی مووچە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە. بەڵام بۆ مانگی حەوت بۆ یەکەم جار مووچەی خانەنشینی هەرێم هاوتای خانەنشینانی بەغدا کرا. وەزیری دارایش دەڵێت: ''هاوتاکردنی مووچە کاتی دەوێت''.
هەروەها ڕایگەیاند، "لیژنەی هاوبەشمان هەیە لە نێوان هەردوولادا، لێژنەی یەکخستنی ڕێکارەکانی پێ دەڵین. زۆر لە بابەتی خانەنشینەکان بە تایبەت پێشمەرگە، لە ئاستی هەموو فەرمانبەران و گشتیش دەمانەوێت یەکیبخەین، چونکە یاساکان جیاوازن لە نیوان هەرێم و بەغدا. دەبێت هەمووی یەکبخرێت. لیژنەکە ئیشی یەکخستنە بە تایبەت لە بوارە سەربازیەکان هەتا بتوانن هەمووی یەکبخەن."