عێراق هەناردەی نەوت کەم دەکاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق
وەزارەتی نەوتی عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ڕۆژانەی ڕاگەیاند، کە بڕیاری کەمکردنەوەکە پابەندبوونی عێراقە بە بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس و تاوەکوو کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی نەوت ئاماژەیداوە، لەسەر بنەمای پابەندبوونی عێراق بە بڕیارەکانی گرووپی ئۆپێک پڵەس  بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی ئەم دواییەی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بۆ بەغدا، جەخت دەکەنەوە کە عێراق لە 27 ی ئابی 2024 ـەوە هەناردەکردنی نەوتی بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردۆتەوە، جگە لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ناوخۆیی، ئەم کەمکردنەوەیە لەمانگەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی بەرهەمهێنان لەچوارچێوەی پشکی دیاریکراوی ڕێکخراوەی ئۆپێک پڵەس دا دەبێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، حکوومەتی عێراق لەگەڵ حەوت وڵاتەکەی دیکەی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس ڕێککەوتووە لەسەر درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی زیاتر بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە هەر ڕۆژێکدا تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024 بە مەرجێک گەڕانەوەی وردە وردە زیادکرندەوی بڕی بەرهەمهێنان لە 1ی کانوونی یەکەمی 2024 تا تشرینی دووەمی 2025 دەست پێبکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوسەنگی و سەقامگیری لە بازاڕی نەوتی خاوی جیهانیدا دەبێت.