موحسین میرانی: ئەمساڵ بە گوژمەی نزیکەی هەشت ملیار دینار پرۆژە لە ئاکرێ و بەردەڕەش جێبەجێکراون

بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئاکرێ ڕایگەیاند، ئەمساڵ بە گوژمەی 7 ملیار و 700 ملیۆن دینار پرۆژە لە ئاکرێ و بەردەڕەش جێبەجێکراون.

موحسین میرانی، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئاکرێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سێکتەری ڕێگەوبان یەکێکە لە سێکتەرە هەرە گرنگەکان بۆ بەرەو پێشبردنی هەر وڵاتێک، بەو هۆیەوە بەردەوام لەچوارچێوەی بەرنامەی حکوومەت کارمان کردووە بۆ بەرەو پێشبردنی ئەو کەرتە گرنگە.

بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی ئاکرێ گوتیشی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت هەردەم پاڵپشتی ئێمەی کردووە لەسەر جیبەجێکردنی پرۆژەی ڕێگەوبانی ئاکرێ و بەردەڕەش، گوتیشی: ئێمە دوو جۆر پڕۆژەمان هەیە بەڵێدەرییە، واتە بەڵێندەر کارەکان دەکات، کە ئەمساڵ بەگوژمەی 7 ملیار و 700 ملیۆن دینار پرۆژە لە ئاکرێ و بەردەڕەش جێبەجێکراون. کە هەندێک تەواو بوونە و هەندێکیش کاری دێتدا دەکرێت، کە ئەوە بەڵێدەرایەتییە.

موحسین میرانی ئاماژەی بەوەش دا، جۆرەکەی تر، نۆژەنکردنەوەی ڕاستەوخۆی ڕێگەوبانەکانە، لە ئاکرێ و بەردەڕەش، دەشڵێت: ئێمە لە دوای لافاو ڕێگەی 40 تا 50 گوندمان نۆژەنکردووەتەوە، هەروەها تیمەکانمان ئێستا لەکەرتی دینارتە کاردەکەن، هەروەها چەندین ڕێگەوبانمان لە سنوورەکانی ڕۆڤیا و دارەتوو و بجیل، نۆژەنکردووەتەوە.

باسی لەوەش کرد، لە ساڵی 2019ەوە تاوەکو ئێستا 400 تا 500 کیلۆمەتر ڕێگەوبان لە قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بە گوژمەی زیاتر لە 40 ملیار دینار نۆژەنکراوەتەوە. ئەمساڵ بەبەهای 7 ملیار و 700 ملیۆن دینار پرۆژە لە ئاکرێ و بەردەڕەش جێبەجێکراون.