هاوتا محەممەد: وەزارەتی پەروەردە پلانی هەیە خوێندنی پیشەیی بۆ لە سەدا 60 بەرزبکاتەوە
بەڕێوەبەری فێرکردنی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، ئێستا پلانێکی زۆر باش و تۆکمە بۆ خوێندنی پیشەیی هەیە، هەروەها لە ئێستا وەزارەتی پەرەوەردە گرنگییەکی زۆر بە خوێندنی پیشەیی دەدات.
هاوتا محەممەد، بەڕێوەبەری فێرکردنی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئێستا پلانێکی زۆر باش و تۆکمە بۆ خوێندنی پیشەیی هەیە، چونکە لە ڕابردوودا لەسەدا 98 قوتابیان بەرەو خوێندنی ئەکادیمی دەچوون، بەڵام ئەوەی گرنگە خوێندنی پیشەییە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا وەزارەتی پەرەوەردە گرنگییەکی زۆر بە خوێندنی پیشەیی دەدات، لە بوارەکانی 'پیشەیی، بازرگانی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار" و سەرجەم بوارەکانی دیکە، هەروەها وەزارەتی پەروەردە پلانی هەیە خوێندنی پیشەیی بۆ سەدا60 بەرزبکاتەوە، چونکە ئەو وڵاتانەی لە ڕابردوودا کە خوێندنی پیشەییان لە سەدا 50 بەرەو سەرەوە بوو، دەبینین قوتابییەکان هەموویان خاوەنی کاری خۆیانن.
هاوتا محەممەد، باسی لەوەش کرد، ئەو پلانانەی وەزارەتی پەروەردە دایناوە خەریکە وردە وردە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، یەکەم پلانیش کە کەوتە بواری جێبەجێکردن، کردنەوەی پەیمانگەیەکی پیشەیی پێنج ساڵە بوو کە پارساڵ کرایەوە و خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزیە و خۆشبەختانە سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنا.
بەڕێوەبەری فێرکردنی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت: سەرکەوتنەکەش ئەوەیە کە پەیمانگەکە بە زمانی ئینگلیزیە و پرۆگرامەکانی نوێن، هەروەها بەشەکانی 'دیزاین، ئایتی و گەشتوگوزار' لەخۆدەگرێت. گوتیشی: ئەوانەی لە ڕابردوودا دەیانخوێند، ڕەنگە زمانەکەیان پرۆگرامەکانیش وەکو پێویست نەبووبێت.