ئالان حەمە سەعید: لیژنەیەکی تایبەت وردبینی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژان دەکەن

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت بەسەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت وردبینی لە لیستی وانەبێژان دەکەن.

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت بەسەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت وردبینی لە لیستی وانەبێژان دەکەن.

گوتیشی: ئەو لیژنەیە لە دوێنێوە دەستیان بەکار کردووە و ئەمڕۆ هەینیش بەردەوامن، چونکە ئەو ڕۆژەی سەرۆکی حکوومەت بڕیاریدا مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا کارەکانیان تەواو بێت. بۆیە ئەو لیژنەیە بەردەوام دەبن لەکارەکانیان تاوەکو وردبینیەکە تەواو دەکەن.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر مامۆستایەکی وانەبێژ دەبێت ناوی لەسستەم هەبێت و لە خوێندنی 2023-2024 بەردەوام بووبێت، دەشڵێت هیچ کەسێک زیاد ناکرێت بۆ سیستەم، بەڵام لەگەڵ نوێنەرانی وانەبێژانیش وسەمان کردووە دوو تا سێ دامەزراوەی نوێمان هەیە، کە پەیمانگەیەکی پیشەیی سیستەمی ئینگلیزی لە کفری دەکەینەوە، کە خۆمان داوای 10 مامۆستای دەرچووی زمانی ئینگلیزیمان کردووە.

گوتیشی: پەیمانگەیەکی پیشەیی لە سلێمانی دەکەینەوە، کە لەوێش 10 مامۆستا وەردەگرین کە هەموویان هەڵسەنگاندیان بۆ کراوە، هەروەها ئەوناوانەی بەردەوام بوون لە ناوەندەکانی خوێندنی 2023-2024 تەنیا ئەوانەن کە وردبینیان بۆ دەکرێت.

لە بارەی ئەوانەی وانەبێژ بوونە و دواتر وازیان هێناوە، ڕوونی کردەوە، لیستێکمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ئیمزای بکەین، کە لیستی ئەو وانەبێژانەیە لە ساڵانی ڕابردوودا خزمەتیان کردووە و دواتر بەهەر هۆکارێک بێت وازیان هێناوە.

یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە "سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە. "

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە".

دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد دوای ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی بۆ نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە ماوەی مانگێکدا دەرکرد.