بانکی ناوەندیی بۆ کوردستان24: سەردانەکەی ئەنجوومەنی ئابووریی بۆ هەولێر، گرنگ و ئەرێنییە
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی سەردانەکەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بۆ هەولێر، بە "هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنیی" ناو دەبات.
شەممە، 07-09-2024، د. عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی شاندی ئەنجوومەنی وەزارەیی ئابووریی عێراق بۆ هەولێر "هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنییە" بۆ چارەکردنی کێشە ئابوورییە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
وا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، شاندی ئەنجوومەنی وەزارەیی ئابووریی عێراق بگاتە شاری هەولێر و سبەی یەکشەممە، 08-09-2024، دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی ئەنجوومەنی وەزارەیی ئابووریی عێراق ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەبێت.
ئەندامانی شاندەکەی ئەنجوومـەنی وەزاریی ئابووریی عێراق:
1. فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق.
2. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق.
3. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.
4. عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق.
5. ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانیی عێراق.
6. ئەحمەد جاسم سابر، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق.
7. حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
8. فەیسەڵ وسام، سەرۆکی دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق.
9. عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق.
10. ئەحمەد عەبدولجەبار، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان.
11. میساق عەبدولحوسێن، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.
12. عەباس نەسروڵڵا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق.
هاوکات د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانەکەوە بە کوردستان24ـی گوت، "سەردانەکە لەسەر پێشنیازی د. فوئاد حوسێن بووە و ئامانج لێی، لە یەک نزیککردنەوەی بۆچوونەکانە بە مەبەستی چارەکردنی یەکجارەکی کێشە ئابوورییە هەڵپسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، ڕێگریی بازگە عێراقییەکان لە هەناردەکردنی بەرووبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، یەکخستنی سیستەمی دارایی نێوان هەردوولا، مووچە و بودجە و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکرێن.