هەڵبژاردەی عێراق سزایەکی قورسی بەسەردا سەپێندرا

هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق
هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق

فێدراسیۆنی تۆپی پێی رۆژئاوای ئاسیا بڕیاریدا هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بە تووندی سزا بدات و لەهەمان کاتدا سزای دارایی بەسەردا سەپاند.

فێدراسیۆنەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە لەم مانگە دوو جار پشکنین بۆ (ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا) یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق کراوە و سەلمێندراوە کە شایستەی بەشداریکردن نییە لە پاڵەوانێتی تازەپێگەیشتووان، چونکە پێشێلی رێنمایی و یاساکانی پاڵەوانێتییەکەی کردووە.

بۆیە بڕیاریاندا بە :

1- هەڵبژاردەی عێراق بە دۆڕاو دادەنرێت بەرامبەر لوبنان بە ئەنجامی (0-3)
2- فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە بڕی (2500) دۆلاری ئەمریکی سزا دەدرێت.
3- یاریزان (ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا) لە شەش یاریی هەڵبژاردەی عێراق بێبەش دەکرێت.
4- یاریزان (ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا) بە بڕی (1000) دۆلاری ئەمریکی سزا دەدرێت.

لەلایەن خۆیەوە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سەرسوڕمانی خۆی لە بڕیارەکەی رۆژئاوای ئاسیا بە هەژمارکردنی دۆڕانی هەڵبژاردەکەیان دەربڕیوە و بە بڕیارێکی نادادپەروەری دادەنێت.
فێدارسیۆنی عێراق لە بەیاننامەکەی هێمای بۆ ئەوە کردووە: نیگەرانین و نادادپەروەرییە کە بەرامبەر لوبنان و ئوردن بە دۆڕاو هەژمار دەکرێن سەرەڕای ئەوەی گەیشتوونەتە قۆناغی پێش کۆتایی و بوونەتە پاڵەوان لە کۆمەڵەی یەکەم بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ.
هێما بۆ ئەوەش کراوە سکاڵای خۆیان دەگەیەننە فێدراسیۆنی ئاسیا و فیفا و بە پێشکەشکردنی بەڵگەکان ئەستۆپاکی خۆیان دەسەلمێنن.
فێدراسیۆنی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە: شاندی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق پێشتر داوای لە رێکخەرانی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا کردووە پشکنینی تەمەن بۆ سەرجەم یاریزانەکانی ئوردن و لوبنان و عێراق بکەن و دڵنیابن لە دروستی زانیارییەکان.

هەر بەمهۆیەوە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا سەرجەم چالاکییەکانی لە رۆژئاوای ئاسیا رابگرێت بەهۆی ئەو سیاسەتەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی رۆژئاوای ئاسیا پەیڕەوی دەکات.

سەرچاوەکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە داوا لە شاندی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق کراوە بە زووترین کات هۆتێلەکەیان جێبهێڵن، کە ئەم پاڵەوانێتییە لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەدەچێت.