هاوکاریی دارایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەسەر زیانلێكه‌وتووانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی هه‌ولێر دابەش کرا

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری بەسەر کردەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری بەسەر کردەوە

K24 - هەولێر:

لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاوکاریی دارایی بەسەر زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دابەش کرا، هاوکات پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆسەى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى قەیسەرى زۆر بەباشى کارى تێدا دەکرێت، هیوادارین لە زووترین کاتدا کارەکان بە کۆتا بێت و قەیسەرى بگەڕێتەوە سەر دوخی جارانی و ئێوەش بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتى خۆتان.

ئەمشەو یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024 لە ڕێوڕەسمێکدا، کە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و عیسا ئەحمەد، نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت تێیدا ئامادەیبوون، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری دارایی بەسەر زیانلێكه‌وتووانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی هه‌ولێر دابەش کرا.

پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە هەموولایەک زیاتر پەرۆش بوو بۆ ئاشكراكردنی بكه‌رانی تاوانى سوتاندنى بازاڕى قەیسەرى و هاوكاریکردن و پشتیوانیکردنى كاسبكاران، سوپاس بۆ خودا تاوانباران ئێستا دەسگیرکراون و ناسنامەیان ئاشکرایە کێ بوون، ئێستاش دەستکراوە بە هاوکاریکردنى ئێوە

ناوبراو لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە گوتى: پرۆسەى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى قەیسەرى زۆر بەباشى کارى تێدا دەکرێت، هیوادارین لە زووترین کاتدا کارەکان بە کۆتا بێت و قەیسەرى بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی و ئێوەش بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتى خۆتان.

لای خۆیەوە پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف، ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەمی هەمووتان بووە و لە نزیکەوە بە دواداچوونى بۆ کارەکان دەکرد و بەردەوام هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپاردووە پرۆسەی چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری خێراتر بکەن و هەوڵ بدرێت بازاڕەکە زوو بکرێتەوە. بەڵگەش بۆ ئەوە دووجار سەردانی کردن، بەو هیوایەن لە زووترین کات کارەکانى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى قەیسەرى بەکۆتا بێت و ئێوەش بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتی خۆتان.

Fly Erbil Advertisment