هاوردەکردنی چەند بەرهەمێک قەدەغە کرا

لە دوای بڕیارێک لە لایەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی حکوومەتی فیدراڵی کە هەریەک لە بەرهەمەکانی "خەیار، تەماتە، پیاز، کولەکە و شوتی" مۆڵەتی هاوردەکردنیان کرابوویەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی ڕۆژمێری هاوبەش و پەسندکراوی کشتوکاڵی بوو.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقی لە هەرێمی کوردستان، لەدوای دانوستان و گفتوگۆیەکی چڕ، بۆ پاڵپشتی جووتیاران و بەبازاڕکردنی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، بڕیارێکی لە بەرژەوەندی جووتیاران دا.

لە بڕیارەکدا هاتووە، سەرجەم مەرز و دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنی تەماتە لەدەرەوەی عێراق بۆ ناو سنوورەکانی عێراق دادەخرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

لە بەیاننامەیەکەدا هاتووە "ئێستە جووتیارانی ناوچەی پێنجوین ، سیدەکان و دەشتەکانی هەولێر و دهۆک، بەرهەمەکانیان پێگەیشتووە و کێشەی بەبازاڕکردنیان هەیە، هەروەها لەدوای داخستنی دەروازەکان بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق".