رۆدریگۆ بێ ئومێدە و مارسێلۆ رەخنە دەگرێت

مارسێلۆ
مارسێلۆ

رۆدریگۆی بەڕازیلی ئەستێرەی ریاڵ مەدرید بێدەنگی شکاند و قسە لەسەر بەربژێرنەکرانی بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024 دەکات.

لیستی بەربژێران بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر بڵاوکرایەوە کە لە 30 یاریزان پێکهاتووە و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رۆدریگۆ یەكێک نەبوو لە بەربژێران.

یاریزانە بەڕازیلییەکە ئاشکرای دەکات هەست بەبێزاری و بێئومێدی دەکات کە لە لیستەکە دوورخراوەتەوە.

رۆدریگۆ دەڵێت: " دڵتەنگ بووم و شایستەی ئەوە بووم یەکێک بم لە بەربژێرەکان، نامەوێت لە توانای ئەو یاریزانانە کەم بکەمەوە کە ناویان لە لیستەکەدایە، بەڵام پێموایە دەبوو یەکێک بم لەنێوان ئەم 30 یاریزانە، ئەم شتە بۆ من چاوەڕواننەکراو بوو".

رۆدریگۆ دەشڵێت: "پۆستێکی گاڵتەجارانەم لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردەوە و ئێستا شتێکی دیکەم نییە بیڵێم، هەمووان لە تووڕەییم تێدەگەن و پاڵپشتیم دەکەن جا چ لە هەڵبژاردەکەم بێت یان لە ریاڵ مەدرید، هەمووان پەیامی پاڵپشتیان بۆم ناردووە"

لەلایەن خۆیەوە مارسێلۆی بەڕازیلی و یاریزانی پێشووی ریاڵ مەدرید پاڵپشتی خۆی بۆ رۆدریگۆ دووپاتکردەوە و نیگەرانە کە ئەم یاریزانە بەربژێر نەکراوە بۆ باڵۆن دۆر.

مارسێلۆ دەڵێت: "رۆدریگۆ بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر بەربژێر نەکرا؟ لەوە تێناگەم، نازانم پێوەر و یاساکانی خەڵاتەکە چۆنە، بەبڕوای من رۆدریگۆ لە نێوان 10 بۆ 15 باشترین یاریزانەکانی ئێستا جیهانە".