وەزیری نەوتی عێراق به‌شداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بازرگانیی عێراقی – ئەمه‌ریکی ده‌كات

34
34

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت سەرۆکایەتی شاندی عێراق دەکات بۆ به‌شداریكردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراقی – ئەمه‌ریکی و لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری وزه‌ و ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌مه‌ریكی كۆ ده‌بێته‌وه‌.

دووشه‌ممه‌، 9ـی ئه‌یلوولی 2024، نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ جێفری بایات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری وزه‌ و دەیڤید ساتەرفیڵد، بەڕێوەبەری پەیمانگه‌ی بەیکەر و تێڤێ لوتس، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا كۆ بووه‌ته‌وه‌.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكاندا هێمای بۆ بیست ساڵ له‌ كاری هاوبه‌ش و هاوكاریی له‌ نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكادا به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی نەوت، وزە، کشتوکاڵ، پیشه‌سازی، بازرگانی و وه‌به‌رهێنان كردووه‌.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌ بواره‌ جیاجیاكان كردووه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵاتی تێدایه‌.

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت داوایشی له‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپاییه‌كان كرد كاری زیاتری وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق بكه‌ن. هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: تا کۆتایی ساڵی 2028 سووتانی غاز بەتەواوی ڕادەگیرێت.