فۆنت باسی هالاند و فلیک دەکات و بە توندیش ڕەخنە لە لاپۆرتا دەگرێت

ڤیکتۆر فۆنت - لاپۆرتا - هالاند - هانزی فلیک
ڤیکتۆر فۆنت - لاپۆرتا - هالاند - هانزی فلیک

ڤیکتۆر فۆنت بەربژێری پێشووی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا خۆی بۆ سەرۆکایەتیی یانە کەتەلۆنییەکە بەربژێر بکاتەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داوا لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستای بارسێلۆنا دەکات هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەکە بۆ ساڵی 2025 پێش بخات.

ڤیکتۆر فۆنت بە توندی ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت: "3 ساڵ لە پۆستی سەرۆکایەتی، 3 ڕاهێنەر گۆڕاوە، لەگەڵ مۆرکردنی گرێبەست لەگەڵ 30 یاریزان، بۆچی خەڵکی فریو دەدەن و فێڵیان لێ دەکەن؟"

فۆنت لە درێژەی قسەکانی دەڵێت: دەتوانم بەشێوەیەکی باش لەڕووی ئابووری و داراییەوە یانەی بارسێلۆنا بەڕێوە ببەم، کە دەستەی کارگێڕی ئێستا ناتوانن ئەم کارە بکەن.

فۆنت هێما بۆ ئەوەش دەکات: ڕۆژ بە ڕۆژ بارسێلۆنا خراپتر دەبێت، خەڵک ئەم راستییە نازانن، بەڕاستی هاوینێکی پڕ لە نائومێدی بوو، پڕبوو لە بەڵێنی درۆ، نازانم بۆچی فێڵ لە خەڵک دەکەن؟

فۆنت پەیامێکیش ئاراستەی هانزی فلیک دەکات و دەڵێت: دەمەوێت پیرۆزبایی لە هانزی فلیک بکەم بۆ ئەم سەرەتا باشە و هیوادارم ڕۆژی یەکشەممەش لە جیرۆنا ببەنەوە.

دەشڵێت: تاکە شتێک کە نیگەرانم ناکات ئەوەیە تیپێکی باش و ڕاهێنەرێکی باشمان هەیە.

لەبارەی گرێبەست لەگەڵ هالاند پرسیار لە فۆنت کرا و ئەمیش دەڵێت: گرێبەست لەگەڵ هالاند لە ساڵی 2025 بەندە بە دۆخی ئابووریی یانەکەوە، ئەگەر قازانج بکەین و کێشەکانی ستۆدیۆکانی بارسێلۆنا چارە بکرێت، ئەوا توانای گواستنەوەی هەر یاریزانێک هەیە.

لە کۆتاییدا دەڵێت: کارگێڕیی ئێستای بارسێلۆنا ناتوانێت یانەکە لەم دۆخە ڕزگار بکات، لەبەر ئەوەیە داوا دەکەین هەڵبژاردنەکان لە هاوینی ساڵی داهاتوو بکرێن.