سێرخیۆ ڕامۆس خولی ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە

10 ڕۆژ بەسەر داخرانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا و خولە گەورەکانی ئەورووپا تێپەڕ دەبێت و هێشتا سێرخیۆ ڕامۆس بێ یانەیە.
ڕۆژنامەی مۆدنۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا بڵاوی کردەوە لە نێوان ئەو ئۆفەرانەی سێرخیۆ ڕامۆس پێیگەیشتووە، یەکێکیان لە خولی تۆپی پێی ئەمریکایە.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە، یانەی سان دیێگۆ کە یەکەم جارە لە خولی پیشەگەرەکانی ئەمریکا یاریی دەکات ئۆفەرێکی پێشکەشی ڕامۆس کردووە و خەرجییەکی زۆری کردووە.
بەڵام یاریزانە ئیسپانیەکە هاوشێوەی چەند یانەیەکی دیکە ئۆفەرەکەی ڕەت کردەوە کە لەلایەن خولەکانی ئینگلاند و ئیتاڵیا و فەرەنسا پێی گەیشتووە جگە لەو ئۆفەرەی لە تورکیا پێی گەیشت، سعوودیەش هەوڵی خۆی دا بۆ ئەوەی بەرگریکارە ئیسپانییەکە بگوازێتەوە، بەڵام تا ئێستا ڕامۆس بڕیاری لەسەر هیچ یانەیەک نەداوە.
هێما بۆ ئەوەش کراوە ڕامۆس لەبەر دوو هۆ ئۆفەرەکان ڕەت دەکاتەوە، یەکەمیان هۆی ئابووریە و هۆیەکی دیکەش ئەو ڕۆڵەیە کە یاریزانەکە دەیەوێت ڕەنگە لە هەموو یانەیەک پێی نەدرێت.
ڕامۆس، بەهۆی ئەوەی یاریزانێکی سەربەستە لەهەر کاتێک دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە بیەوێت.