ریاڵ مەدرید دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەکی پاریس سانجێرمان واژۆ بکات

ریاڵ مەدرید دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ فابیان رویزی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان واژۆ بکات لەپێناو بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردەوە رۆیشتنی تۆنی کرووس لە ریاڵ مەدرید هێڵی ناوەڕاستی ئەم تیپەی تا ڕاددەیەک لاواز کردووە بەتایبەت دوای پێکانی ئێدواردۆ کاماڤینگا و جود بێڵینگهام.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە گەرچی ڤاڵڤێردی و چوامێنی لەم شوێنە رۆڵیان پێدەدرێت بەڵام هیچ یەکێکیان وەکو پێویست نین بۆ ئەوەی بەپێی پێویست هێڵی ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکەن.
گەرچی لوکا مۆدریچ و ئاردا گولەر لە یانەکە ئامادەن بەڵام لوکا لەم تەمەنەی توانای پێویستی نییە بۆ ئەوەی بە تەنیا ناوەڕاست بەڕێوە ببات، ئاردا گولەریش تەمەنی تەنیا 19 ساڵانە و ئەزموونی تەواوی نییە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی لەمشێوەیە لە ئەستۆ بگرێت، هەردوو یاریزانەکەش زیاتر لەڕووی هێرشبردنەوە باشن و لایەنی بەرگریان وەکو پێویست نییە.
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ ئیسپانیا پێشکەشی دەکات، ریاڵ مەدرید چاوی لە تواناکانی فابیان رویز بڕیوە، کە ئەم یاریزانە 28 ساڵییە پێشتریش لەلایەن ریاڵ مەدریدەوە کراوەتە ئامانج و ئێستا سەرلەنوێ هەوڵدەدات بیگوازێتەوە.
رویز لەژێر سەرکردایەتی لویز ئێنریکی بووەتە یاریزانی سەرەکی پاریس سانجێرمان و بەهای ئێستای لە بۆرسەی یاریزانان دەگاتە 35 ملیۆن یۆرۆ و گرێبەستەکەشی لەگەڵ پاریس سانجێرمان تاکو ساڵی 2027ە.