وێنەیەك نزیكبوو ژیانی وەرزشی رۆدیگێر لەگەڵ ئەڵمانیا کۆتایی پێبهێنێت

رۆدیگێر بە درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
رۆدیگێر بە درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا

ئانتۆنیۆ رۆدیگێری یاریزانی ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا شەش مانگ پێش ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە و بە لێشاو رەخنەی تووندی لێگیرا.

رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی ئەوەی ئاشکراکردووە، کە یاریزانە موسوڵمانەکە وێنەیەکی خۆی بە باگراوندێکی ئیسلامیی بڵاوکردووەتەوە و رەخنەیەکی زۆری لێگیراوە، ئەمەش وای لە رۆدیگێر کردووە بڕیار بدات بە یەکجاری واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت و چی دیکە یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نەکاتەوە.

لە وێنەکەدا رۆدیگێر چاکەتێکی سپی لەبەردایەوە و پەنجەی ئاماژەی بەرزکردووەتەوە وەك هێمایەك بۆ تاك و تەنیایی خوای گەورە، هەر دوای بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە بە چەندین شێواز قسە بە یاریزانەکە گوترا و بە ئیسلامی توندڕەو وەسفیان کرد، بەڵام یاریزانەکە راستەوخۆ ئەمەی رەتکردووە.

وێنەکەی رۆدیگێر کە نزیك بوو بەهۆیەوە واز لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بهێنێت
وێنەکەی رۆدیگێر کە نزیك بوو بەهۆیەوە واز لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بهێنێت

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بڕیارەکەی رۆدیگێر راستەوخۆ ناگلیسمانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پەیوەندی بە یاریزانەکەوە کردووە و لە بڕیارەکەی پاشگەزی کردووەتەوە.

راهێنەرەکەی ئەڵمانیا ئەوەی بە یاریزانە موسوڵمانەکە گوتووە، کە ئەو شتانە لەبیر بکات و تەنیا سەرنجی لەسەر ئامانجەکانی بێت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، وەك هەڵوێستێك و دەرخستنی گرنگی یاریزانەکە بۆ هەڵبژاردەی مانشافت، رۆدیگێریان وەك یەکێك لە کاپتنەکانی هەڵبژاردەکە دیارییکرد.

ئانتۆنیۆ رۆدیگێر تەمەنی 31 ساڵە و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی شتوتگارت، رۆما و چێڵسی کردووە و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 25 ملیۆن یۆرۆیە.

Fly Erbil Advertisment