هێمن سەید موراد: زیاتر لە یەک ملیار دینار پارەی بنەتۆی گەنمی جووتیاران دابەش کرا

بەڕیوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بڕی هەزار و 754 تەن گەنمی جووتیاران کڕابووەوە، ئەمڕۆ شایستە داراییەکانییان بەسەردا دابەش کرا.

پێنجشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕیوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ کۆمپانیایی داس، دوای ئەوەی بڕی هەزار و 754 تەن گەنمی بنەتۆ جووتیاران کڕابووەوە، ئەمڕۆ شایستە داراییەکانییان بەسەردا دابەش کرا.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ئەو گەنمە بە ئامانجی دابینکردنی بنەتۆ لە جووتیاران کڕابووەوە، ئەمڕۆ وەکو پابەند بوونێک و ئەرکی سەرشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج کرا، کە پێکهاتبوو لە یەک ملیار 513 ملیۆن و 640 هەزار دینار، بە بێ ئەوەی پارەکانیان دوا بکەوێت، بەسەر جووتیارندا دابەش کرا. بە بەراورد بە ئەو شایستە داراییەی جووتیاران کە  حکوومەتی عێراق دوای خستووە و بووە هۆی ناڕەزایی جووتیاران و وەک ئەرکێک خستبوویە سەر شانی هەرێمی کوردستان و بە سستی ئەو شایستە داراییەی جووتیارانی کوردستانی دەدا.

هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند، هەروەها دواتر دابەشکردنەوەی بنەتۆیەکە بەسەرجووتیاراندا بەشێوەی پاڵپشتیی لایەن حکوومەتی ھەرێمەوە ئەم کارە دەکرێت .