ئیبراهیم عەبدولمەجید: زاخۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بووەتە شارێکی سەرنج ڕاکێشی گەشتیاریی

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ زیاتر بووژانەوەی سێکتەری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان. هەروەها زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و پڕۆژە گەشتیارییەکان و ژێر خانی گەشتیاریی بەڵگەی ئەو ڕاستیەیە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەم خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ زیاتر بووژانەوەی سێکتەری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا، گەشتوگوزار بەسەردەمی زێڕینی خۆیدا تێپەڕیووە، هەروەها زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و پڕۆژە گەشتیارییەکان و ژێر خانی گەشتیاریی بەڵگەی ئەو ڕاستیەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی لە زاخۆ هەیە نموونەیەکی زۆر جوانی ئاوەدانی و پێشوەچوونە، کە لەماوەیەکی زۆر کەمدا گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە دیوە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید باسی لەوەش کرد، ئێستا زاخۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بووەتە شارێکی سەرنج ڕاکێش و دڵڕفێنی گەشتیارییەکان، کە بەبەردەوام ژمارەی گەشتیارانی لە ناوخۆو دەرەوە بەرز دەبێتەوە.

گوتەبێژەکەی دەستەی گەشتوگوزار دەشڵێت: بەگوێرەی ئەو پلانەی لەدەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمانە، زیادکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکانە لەتەواوی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو دیدارەی گەشتوگوزار، کە لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لە زاخۆ بەڕێوەچوو، ئامانجمان دروستکردنی پردی پەیوەندی بوو لە نێوان دامەزراوە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی باشوور و ناوەڕاست، هەروەها ئامانجیشمان ئاشنا کردنی ئەو کۆمپانیا گەشتیارییانەیە بە شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، ڕوونیشی کردەوە، لە دیدارەکەدا دەرفەتی ئەوە ڕەخسا کە لە نزیکەوە بزانیین ئەو ئاستەنگ و کێشانە چین دێنە بەردەم هاتنی گەشتیاران، سەڕای ئەوەی بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی زیاتر.

Fly Erbil Advertisment