ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران: ڕەنگە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، عێراق ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە

لەدوای دابەزینی نرخی نەوتی خاوی برێنت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هۆشدارییەکان لەسەر ئابووری عێراق زیاتربوون، ئابووریناسێکیش ڕایدەگەیەنێت، پشتبەستن بە داهاتی نەوت ئەو هەڵە ستراتیجییەیە کە عێراق لە ئێستا و داهاتوودا ڕووبەڕووی قەیران دەکاتەوە.

دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت، جارێکی دیکە ئابووری عێراق دەخاتەوە بەردەم مەترسی، توێژەرانی بواری ئابووری و تەنانەت بەرپرسانی حکوومەتیش هۆشداری لە داڕمانی ئابووری عێراق دەدەن و بۆچوونیان وایە ئەو قەیرانانەی کە چاوەڕوانکراون عێراق ڕووبەڕوویان ببێتەوە لەناکاو نین و لە ئەنجامی گرتنەبەری سیاسەتی هەڵەی حکوومڕانییەوە سەرچاوەیان گرتووە.

لەو بارەیەوە عومەر حەلبووسی توێژەری بواری ئابووری دەڵێت: ئەو قەیرانانەی کە لە ئێستا و داهاتوودا ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە لەناکاو نین، بەڵکو لە ئەنجامی بەردەوامی سیاسەتی هەڵەوە سەرچاوە دەگرن، کە ستراتیجیترینیان پشتبەستنە بە داهاتی نەوت وەک کۆڵەگەی ئابووری.

گوتیشی: پشتبەستن بە نەوت، عێراقی وەکو کرێچی لێکردووە، عێراق دەستبەرداری کەرتەکانی دیکەی وەبەرهێنان بووە، دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەم سیاسەتە فشاری دارایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت .

ئەو توێژەرەی بواری ئابووری ڕوونی دەکاتەوە، بودجەی گشتی لەسەر بنەمای ڕێساکانی ئابووری دانەنراوە بەڵکو بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پشتی بە سەرچاوەی دارایی وەهمی بەستووە کە تەنیا بۆ پڕوپاگەندەی سیاسییە.

 بەپێویستیشی دەزانێت کۆنتڕۆڵی خەرجییەکان بکرێت کە 74%ـی کۆی بودجە لەخۆدەگرێت هەروەها مووچەی پلە تایبەت و پلە باڵاکان کەم بکرێتەوە.

لەلایەکی دیکە مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە بەهۆی دابەزینی نرخی جیهانی نەوت، سیاسەتی دارایی عێراق ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە و جەختیش لە دابینکردنی یەدەگی دارایی پێویست بۆ ساڵی 2025 بۆ گرەنتیکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکاتەوە.

ساڵح باسی لەوە کرد، یاسای بودجەی سێ ساڵەی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 هێشتا بەرگری لە گریمانەکانی قەبارەی کورتهێنانی دارایی دەکات کە 64 ترلیۆن دینارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەت لە هەر دۆخێکی نەرێنی دارایی لەناکاودا بێت، کاری لە پێشینەی پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆران دەبێت.

لەم مانگەدا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار 72 دۆلار دابەزی، ئەمەش دوای نیگەرانییەکان و سستبوونەوەی گەشەی ئابووری لەچین کە کاریگەری نەرێنی لەسەر خواستی نەوت دروستکردووە، عێراق کە دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە داهاتی نەوتیی بەستووە.