پرۆسەی وردبینیکردنی مامۆستایانی وانەبێژان تەواو کرا و دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران
سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بڕیاریدابوو لەماوەی 30 ڕۆژدا لیستی مامۆستایانی وانەبێژ ئامادەبکرێت، دوای 18 ڕۆژ کارکردنی بەردەوام، شەوی ڕابردوو کۆتایی بە پرۆسەی وردبینیکردن هێنرا. هەروەها ڕۆژی دووشەممە 16ـی مانگ دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمان بۆ لیستی ناوەکان دەردەچێت .
ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئەیلوولی 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، کاتێک سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بڕیاریدا لەماوەی 30 ڕۆژدا لیستی مامۆستایانی وانەبێژ ئامادە بکرێت، دوای 18 ڕۆژ کارکردنی بەردەوام، شەوی ڕابردوو کۆتایی بە پرۆسەی وردبینیکردن هێنرا .هەروەها ڕۆژی دووشەممە 16ـی مانگ دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمان بۆ لیستی ناوەکان دەردەچێت .
باسی لە پرۆسەی وردبینیکردنە کرد و گوتی: بۆ ئەوەی هەڵە لە ناوەکان ڕوونەدات، سەرەتا لیستی مامۆستایانی وانەبێژ بە مۆرکراوی بۆ هەر پەروەردەیەک بە جیا نێردراوە و ماوەی 7 ڕۆژییان پێدان بۆ گەڕانەوەی لیستەکان و چاککردنی هەر کەموکوڕییەک لە داتاکان، ئاماژەی بەوەش کرد، پاش گەڕانەوەی لیستەکانی هەموو پەروەردەکان لێژنەیەک لە وەزارەت تا 12ـی شەو بە بەردەوامی پێداچوونەوەیان بە وردبینی پەروەردەی قەزاکان دەکرد.
ڕاشیگەیاند، پاش ئەوەی کە لە وەزارەت وردبینی تەواوبوو، سەرلەنوێ لیستی هەر پەروەردەیەک بەجیا ئامادەکرا و بانگهێشتی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا و بەرپرسی خۆیەتی و وردبینی و ژمێریاریی پەروەردەی قەزاکان کرا بۆ وەزارەت، دەشڵێت: دواین لیست و داتای پەروەردەکەی خۆیان دەخستە بەردەستیان کە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ بکەنەوە و بە نوسین یاداشتێک بنوسن کە هیچ هەڵە و کەموکوڕی لە لیستی پەروەردەکەیان نیە، هەروەها بە مۆر و ئیمزاکراوی خۆیان بەڵێنی ئەوەیان داوە هیچ گرفتیک لە لیستەکە نیە .
کارۆخ عەبدوڵڵا جەختیشی کردەوە، شەوی ڕابردوو هەموو داتاکان لە سیستەم پشکنینیان بۆ کراوە تا کارەکان تەواو کران و داتاکان ئامادەن و ڕۆژی دووشەممە لیستەکە دەبرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی فەرمان و دەست پێ کردنی ڕێکارەکان.
هاوکات ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ 38 هەزار مامۆستایە کە دەکرێنە گرێبەست، مووچەکەشیان 400 بۆ 500 هەزار دینارە بەپێی بڕوانامەکەیان، چاوەڕێدەکرێت لەمانگی نۆ یەکەم مووچە بەگرێبەستی وەربگرن.
نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست دەشڵێت: وانەبێژان دوای ڕێکارەکانی گرێبەست ناچنە دەرەوەی شارەکان لەناوەندەکانی خۆیان بەردەوام دەبن، جگە لەوانەی بەشەوانەی کەمە لەچوارچێوەی پەروەردەکەی خۆی "تەکمیلەی نصابی" پێدەکرێت .
لەبارەی خزمەتەکانیان گوتیشی: خزمەتی چەند ساڵەی وانەبێژی و دواتر گرێبەستی هەژمار دەکرێت لەکاتی بوون بە فەرمانبەری هەمیشەیی .
یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە "سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە. "
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە".
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد دوای ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی بۆ نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە ماوەی مانگێکدا دەرکرد.