پاریس بۆ ئێمباپێ: بڕۆ بۆ دادگەی کار

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رەتیدەکاتەوە پابەندی داواکارییەکەی ئەنجومەنی خولی فەرەنسا بێت بە پێدانی 55 ملیۆن یۆرۆ بە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پێشووی یانەکەی.

سانجێرمان لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی بڵاویکردەوە رایگەیاندووە: بەوپێیەی دەسەڵاتی خولی فەرەنسا سنووردارە، پێویستە دادگە ئەم بابەتەی ئێمباپێ چارەسەر بکات.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی پاریس سانجێرمان پێویستە ئێمباپێ پەنا بۆ دادگەی کار ببات بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە و چارەسەرکردنی.

ئێمباپێ داوا دەکات مووچەی کۆتا سێ مانگی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان پێ بدرێت، بەڵام پاریس سانجێرمان ئاماژە بەوە دەکات رێککەوتنی زارەکی کراوە و هیچ پارەیەکی ئەم یاریزانە قەرزار نییە و ئێمباپێش رەتیدەکاتەوە.

ئێمباپێ بۆ ماوەی 7 ساڵ یاریی بۆ پاریس سانجێرمان کرد و دوو مانگ لەمەوبەریش دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی بەشێوەیەکی سەربەست رووی لە ریاڵ مەدرید کرد.