دهۆک؛ کار لەسەر زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی دەکرێت

شاری دهۆک
شاری دهۆک

K24 – هەولێر:

لەناو سەنتەری شاری دهۆک 12 پارک هەن کە چواریان لە قۆناغی جێبەجێکردندان و بڕیارە ئەم ساڵ دوویان تەواو بکرێن.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: "لە دهۆک ڕێژەی سەوزایی 14%ـیە، بە تەواوبوونی هەردوو پارکی سەرهەڵدان و ئالووکا رێژەکە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە زیاتر لە 20%.

ئیسماعیل مستەفا ئاماژە بەوش کرد، بە تەواوبوونی ئەم دوو پرۆژە گەورەیە لە شاری دهۆک گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ڕووبەری سەوزاییدا ڕوودەدات و رێژەی سەوزایی زیاد دەکات. جەختی لەوە کردەوە، کە لەنێو ئەم پارکانەدا، کافتریا، ڕێستورانت و شوینێ وەرزشی دەکرێنەوە.

ناوبراو گوتیشی: "پارکەکان لە بواری ئابووریشەوە سوودێکی بەرچاویان بۆ پارێزگای دهۆک دەبێت، چونکە چەندە ڕێژەی سەوزایی زیاتر بێت، گەشتیارێکی زیاتر ڕوو لە شارەکە دەکەن، ئامانجی پارێزگاری دهۆکیش ئەوەیە ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ پارێزگاکە زیاد بکەن".

پارێزگاری دهۆکیش ڕادەگەیەنێت، کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گرنگییەکی تایبەت بە سەوزایی و ژینگەی کوردستان دەدات، هەوڵد دەدات لە ڕێگەی کردنەوە پارک و شوێنی گەشتیارییەکان رێژەیی سەوزایی زیاد بکات.

ڕۆژی دووشەممە 3ـی حوزەیرانی 2024 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی دوو پارکی گەورە بە ناوەکانی (ئالووکا و سەرهەڵدان) لە سەنتەری شاری دهۆک دانرا. کە لەسەر ڕووبەری 700 دۆنم زەوی دروست دەکرێن  و یەکێکیان دەکەوێتە ڕۆژهەڵات ئەویدیکەیان دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری دهۆک. گوژمەی تەرخانکراو بۆ دروستکردنی پارکی ئالووکا 131 ملیار  دینارە و بۆ پارکی سەرهەڵدانیش چوار ملیار دینارە.