سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی شیعری کوردی لە مەریوان بەڕێوە چوو

تا زرێبار و دێڕێک هەموو شێوەزارەکانی کۆ کردەوە

لە مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری 40 شاعیر فێستیڤاڵی ساڵانەی شیعری کوردی لەژێر ناوی ''تا زرێبار و دێڕێک'' بەڕێوە چوو کە بە هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی شیعرەکان خوێندرانەوە.

سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی شیعری کوردی لەژێر ناوی ''تا زرێبار و دێڕێک'' لە چوارچێوەی هەشت پانێڵدا لە مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو. لە فستیڤاڵەکەدا شاعیرانی هەر پێنج پارێزگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی خۆراسان بە هەموو شێوەزارەکانی کوردی شیعریان خوێندەوە.

یوسف بریمانلوو شاعیری خۆراسانی دەڵێ "بە شیعری کرمانجی خۆراسانی سێ بەیتی و چوارینە و هۆنراوەی فۆلکلۆری بەشداری فێستیڤاڵەکە بووم، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی شێوەزاری کرمانجییەوە لەسەر شیعری دوو بەیتی زیاتر کارم کردووە".

شەعبان میرزابەگی شاعیری ئیلامی دەڵێ "ئێمەی کورد بە هەموو شێوەزارەکانەوە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بتوانین وشە و فەرهەنگ و شیعرەکانمان ئاوێتە یەکتری بکەین و پەرەی زیاتری پێ بدەین".

بۆ ئەم فێستیڤاڵە 170 کەس بەرهەمی خۆیان ناردبوو کە لەناویاندا بەرهەمی 40 شاعیر بۆ خوێندنەوە هەڵبژێردران و لە هەر پانێڵێکدا پێنج شاعیر بەرهەمی خویان بە شێوەزاری جیاواز خوێندەوە.

محەمەد سدیق کەریمی، ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردنی بەرهەمەکان دەڵێ: هەوڵمان دا لەم فێستیڤاڵەدا سوود لە هەموو شێوە زارەکانی کوردی وەرگرین، بە خۆشحاڵیشەوە ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشوازییەکی زۆر زیاترمان لێ کرا، بە تایبەت لەلایەن شاعیرانی شێوەزارەکانی کوردی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمە شیعرەکانیان بۆمان نارد و ئێمەش بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە زانستییەکان توانیمان 40 بەرهەمی شیعری هەڵبژێرین.

قاسم تاباک، شاعیری مەهابادی دەڵێت: سەرجە، شێوەزارەکان، لە ئیلامەوە تاوەکوو کرماشانەوە تاوەکوو کوردانی خۆراسان بەشداریان کردووە بۆ ئاشنابوون لەگەڵ شێواز و پێوەرە شیعرییەکانی یەکتری.

لە کۆتاییی فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بە هەموو بەشداربووان درا و چوار خەڵاتی تایبەتیش بە ناوەندێکی فەرهەنگی و سێ کەسایەتی بەخشرا کە بریتی بوو لە خەڵاتی وەرگێڕان بۆ محەمەد ڕەزمەزانی، وەرگێڕ و نووسەر و زمانزان، خەڵاتی شیعر بۆ ساڵح سووزەنی، شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی، خەڵاتی هونەری بۆ بەشیر نەزەری، پەیکەرساز و خەڵاتی کولتووری بۆ ناوەندی فەرهەنگیی ڤەژین.