ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو قۆناغی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ی ڕاگەیاند، چەکێکی 150 ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان گەیشتووە و لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ئەو چەکەی گەیشتووە بۆ دابەشکردنی قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە و بەهۆی ئەوەی سبەی یەکشەممە پشووی فەرمییە و لە ڕۆژانی داهاتووش ڕێکارە ئیداری و بانکییەکان، دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکەوێتە ناوەڕاستی هەفتە داهاتوو.

هەروا ئاماژەیدا، لەو 150 ملیار دینارەی بڕیاری خەرجکردنی دراوە، بڕی 47 ملیار و 373 ملیۆن و 835 هەزار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە و بڕی 35 ملیار و 541 ملیۆن و 48 هەزار دیناریش پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆکە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: هەر لەو چەکەی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران ڕەوانەکراوە بڕی 67 ملیار و 84 میلۆن و 117 هەزار دینار پارەی جووتیارانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕینە.

ئەمساڵ بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، و بەپێی ڕێککەوتنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک دیاری کرابوو.