یاریزانانی باروو پاداشتی زیاتر وەردەگرن ئەگەر بەرامبەر چێڵسی بدۆڕێن
یانەی بارو یانەیەکی پلەی چواری ئینگلاندە و ئەو یانەیە لە قۆناغی سێیەمی جامی کاراباو ڕووبەڕووی یانەی چێڵسی دەبێتەوە، دەنگۆیەکیش بڵاوبووەتەوە بەرپرسانی یانەکەی بڕیاریان داوە، پاداشتی شکست لەو یارییە لە پاداشتی بردنەوە زیاتر دەبێت.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی یانەی باروی پلە چوار، بڕیاریان داوە ئەگەر تیپەکەیان بەرامبەر چێڵسی لە قۆناغی سێیەمی جامی کاراباو شکست بهێنێت، هەر یاریزانێک بە 1000 پاوەند خەڵات بکرێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو یارییە بیبەنەوە، ئەو کاتە هەر یاریزانە تەنیا 250 پاوەند خەڵات دەکرێت.
ئەم هەنگاوەی یانە پلە چوارەکە کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بەجۆرێک هاندەران پێیانوایە ئەو یانەیە مەبەستیەتی پێشوەختە یاریزانەکانی ئاگادار بکاتەوە لەو یارییە دۆڕاون، ئەمەش کاریگەری لەسەر یاریزانەکان دروست دەکات، هەر بۆیە فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئینگلاند هاتوتە سەر هێل و لێکۆلینەوە لەسەر بابەتەکە دەکات.
لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەکی دیکە لە ئینگلاند بڵاویان کردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی بارو بە توندی ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە، ئەوان تەنها مەبەستیانە لە داهاتوو گۆڕان لە شێوازی پاداشتی یاریزانەکانیان بکەن، هەروەها بە هیچ شێوەیەکیش ئامادەنین بەرامبەر هەر دۆڕانێک، پاداشتێکی زیاتر پێشکەش بە یاریزانەکانیان بکەن.