دانیشتووانی هەولێر بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی مەولوود دەکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئەیلوولی 2024، کە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە، قەڵای هەولێر بە پۆستەری ئەم بۆنەیە ڕازێندراوەتەوە و هاووڵاتییانیش بەشداریی لە ڕێوەڕەسمەکانی بۆنەکە دەکەن.

ساڵانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام بەرز ڕادەگیرێت و چەندین ڕێوەڕەسمی تایبەتی ئاینی بەڕێوە دەچن و لە نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا هاووڵاتیان بۆ ڕێزگرتن لەم یادە شیرینی دەبەخشنەوە.

یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر، یان مەولودی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت، ساڵیادی لەدایکبوونی کۆتا پێغەمبەری ئایینەکانە و دەکەوێتە ڕۆژی 12ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی کۆچی، موسوڵمانان لەم مانگەدا ئاهەنگ دەگێڕن و شیرینی دەبەخشنەوە و بە دەف لێدان وەسف و سەنای پێغەمبەر دەکەن.

بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، لەسەردەمی سەڵاحەدینی ئەیووبی، سوڵتان موزەفەرەددین کۆکبری، کە حاکمی شاری هەولێر بووە یەکەمین کەس بووە یادی مەولوودی داناوە و وەک بۆنەیەکی تایبەت خواردنی بەسەر خەڵکی هەژار دابەش کردووە، ئەو ڕێوەڕەسمە لە هەولێر ڕیشەکەی بۆ ئەو کات دەگەڕێتەوە و ئێستاش جیا لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، لە مزگەوتەکانیش بە خوێندنەوەی قورئان و زیکر کردن و خوێندنەوەی ژیاننامەی پێغەمبەر ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت.

بەشداربوونی دانیشتووانی هەولێر لە ڕێوەڕەسمی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لەسەر قەڵای هەولێر